نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دوو هەزار و 344 دۆلاری تێپەڕاند و بەرزترین ئاستی خۆی تۆمارکرد و ئەوەش بەهۆى زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گرێبەستە دواخراوەکانى زێڕی ئەمریکا لە کاتی یەکلاکردنەوەیدا بەرێژەی 0.1% زیادیکردووە و گەیشتووەتە دوو هەزار و 365 دۆلار، ئەمەش دوای زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە هانى وەبەرهێنەرانى داوە کانزا زەردەکە زیاتر بکڕن.
نرخی زێڕ لە چەند مانگی رابردوودا رووى لە بەرزبوونەوە کردووە و لە مانگی تشرینی یەکەمى 2023وە بە رێژەی نزیکەی لەسەدا 27% بەرزبووەتەوە.
کریس وود، شارەزاى بازاڕى زێر لە ئەمریکا دەڵێت"بەرزبوونەوەی ئەمدواییەی نرخی زێڕ بە پلەی یەکەم بەهۆی خواستێکی بەهێزی چینەوەیە، شانبەشانی جۆش و خرۆشی بەرچاوی وەبەرهێنەران بۆ کانزا زەردەکە".