
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە نیشانی دەدات ناوی چەند کەسێک و بەڵگەی پێویست دراوەتە نووسینگەی دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی. ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بەو بەنزینەوە هەیە کە حکومەت بە نرخێکی هەرزان بۆ شۆفێرانی کەرکووک دابینی دەکات، بەڵام بە شێوەی نایاسایی دەبرێتە دەرەوەی پارێزگاکە. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە ناو وێستگە حکومییەکاندا دەستپێبکات.
بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە، دۆسیەی ئەمنی وێستگە حکومییەکان ڕادەستی پۆلیسی وزە و هێزەکانی سوپای عێراق کراوە. ئەم هێزانە ئەرکی پاراستنی وێستگەکانیان پێسپێردراوە تاوەکو ڕێگری لە هەر هەوڵێکی گواستنەوەی نایاسایی سووتەمەنی بکەن. لیژنەکانی بەشی پشکنینیش بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێری پڕۆسەی دابەشکردنەکە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی سووتەمەنییەکە ناچێتە دەرەوەی پارێزگاکە.
پارێزگای کەرکووک خاوەنی 22 وێستگەی حکومیی دابەشکردنی سووتەمەنییە کە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو و لە ڕێگەی کۆبۆنەوە دەدەنە شۆفێران. پشکی ڕۆژانەی پارێزگاکە لەم جۆرە بەنزینە ملیۆنێک و 920 هەزار لیترە، کە بەهۆی جیاوازیی نرخەکەی لەگەڵ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، زۆرجار دەبێتە ئامانجی بەقاچاخبردن.
دەستەی دەستپاکیی عێراق: لە مانگی تەمموزدا 75 کەس دەستگیرکراون
دەستەی دەستپاکی 34 تۆمەتباری لە ئەنبار و تۆڕێکی گەورەی لە زیقار ئاشکرا کرد