
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەندەڵی مەترسیدارترین هەڕەشەیە ڕووبەڕووی دەوڵەت بووەتەوە، دەشڵێت، حکومەت لە جەنگێکی سەختی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و وشککردنی سەرچاوەکانێتی.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد و ڕایگەیاند، دەوڵەت پشت بە دوو پایەی سەرەکی دەبەستێت، ئەوانیش یاسا و دەستپاکییە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، زەیدی لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە، "ئەمڕۆ گەندەڵی مەترسیدارترین هەڕەشەیە، لە جەنگێکی سەختدان بۆ وشککردنی سەرچاوەی گەندەڵی.
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، زەیدی جەختی لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزترکردنی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان کردووەتەوە، بە جۆرێک ببێته پشتیوانیی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.
بە گوتەی عەلی زەیدی، گەندەڵی زۆرجار لە زیادەڕۆیکردن لە هەڵسەنگاندنی تێچووی پڕۆژەکانەوە دەستپێدەکات، بۆیە حکومەت کاردەکات بۆ پەیڕەوکردنی وردبینی پێشوەختەی گرێبەستەکان، پشتبەستن بە بنەمای خۆپارێزی باشترە لە چارەسەر.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختدەکاتەوە، ئامانجیان لەو ڕێکارانە ڕێگریکردنە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، هەروەها جەختی لە گرنگی ڕۆڵی لیژنەی دەستپاکی کردووەتەوە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدواداچوون بۆ دۆسییەکان و کارکردن لەسەر کۆتاییهاتنی ئەو دیاردەیە و هۆکارەکانیشی.
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکەی نووسینگەی زەیدی، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دەستپاکی، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەیان بە گرنگی پەسەندکردنی یاسای دەستەی چاودێری ناوخۆ کردووەتەوە، کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
لیژنەی دەستپاکی بە پێویستی دەزانێت پێداچوونەوەی بەو گرێبەستانەی حکومەتدا بکرێت، کە لە ڕابردوودا ئەنجامدراون و گومانی بوونی گەندەڵی و زیادەڕۆی لە بەهاکانیاندا دەکرێت، لەگەڵ گرنگی پەلەکردن لە وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییانەی لیژنەکەیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی دەکەن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
هەولێر و بەغداد؛ هیچ پەناگەیەک بۆ گەندەڵکاران نامێنێتەوە
سەرۆکى دەستەى دەستپاکیی هەرێمى کوردستان: هەماهەنگیى بۆ دەستگیرکردنى داواکراوانى گەندەڵى هەیە
عەلی زەیدی: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەشەسەندن بەردەوام دەبێت
سێ فەرمانبەر بە تۆمەتی گەندەڵی لە سەماوە دەستگیرکران
دەستپاکی عێراق: سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر بریکاری پێشووتری وەزارەتی ڕۆشنبیریدا سەپێندرا
ڕێکارە یاساییەکان دژی ئەو بەرپرسانەی سامانیان ئاشکرا ناکەن دەستیپێکرد