
سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتى نەوت ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکان ئەرێنى بوون و نەوت "بووەتە خاڵى هاوبەش" ئاشکراشیکرد، ساڵانە داهاتى هەناردەکردنى نەوت هەرێمى کوردستان پێنج بۆ شەش تریلیۆن دینارە.
ئامانج ڕەحیم، لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵ8 گوتى "ئەگەر ساڵانى ڕابردوو نەوتى هەرێمى کوردستان خاڵى ناکۆکى نێوان هەولێر و بەغداد بووبێت، ئەوا ئێستا خاڵى هاوبەشى هەردوولایە".
ڕونیکردەوە ئێستا 180هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى سۆمۆوە ڕۆژانە هەناردە دەکرێت و ئامانج ئەوەیە کە ئەم بڕە بەرزبکرێتەوە و دەرفەت هەیە ئاستى بەرهەم بگاتەوە 400 هەزار بەرمیل، کە هەمان بڕى پێشووە.
لەبارەى ئەو بڕە نەوتەى دەبێت هەرێمى کوردستان هەناردەى بکات و لە بودجە ئاماژەى پێبکرێت، ئامانج رەحیم گوتى "بڕیاردراوە شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ بێتە هەرێمى کوردستان و سەردانى کێڵگەکان بکات و بەدواداچوون بۆ تواناى بەرهەمهێنان بکرێت، پاش ئەوە ئەوبڕە نەوتە دیاریی بکرێت کە لەسەر هەرێمى کوردستان پێویستە لە ساڵى داهاتوو هەناردەى بکات".
ئامانج رەحیم باسلەوەشدەکات، لەگەڵ ئەو 180هەزار بەرمیل نەوتەى هەرێمى کوردستان 70هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک لەڕێگەى بۆریى هەرێمى کوردستانەوە هەناردە دەکرێت و دەکاتە 250 هەزار بەرمیل نەوت.
ئاشکراشیکرد، ئەو نەوتەش لەڕێگەى بەندەرى جەیهان دەفرۆشرێت نرخەکەى زۆر بەرزە و بە 87دۆلار فرۆشراوە، بەمەش هەرێمى کوردستان ساڵانە پێنج بۆ شەش تریلیۆن داهات بۆ خەزێنەى گشتى دابین دەکات.
ئامانج ڕەحیم، ئەمەشى بە خاڵێکى بەهێز دانا و گوتى "هەرێمى کوردستان تەنیا بەشدار نییە لە خەرجییەکان بەڵکو بەشدارە لە زیادکردنى داهات، کارەبا و پاڵاوگەکانیش هەرێمى کوردستانیان کردووەتە خاڵێک بۆ سەقامگیریی وزە لە عێراق".
سەبارەت بە ناردنى نەوتى سپى و بەنزین بۆ هەرێمى کوردستان سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران ئاماژەى بەوەدا لە عێراق شێوازى پاڵپشتیکردنى حکومەت بۆ ئەو بابەتە گۆڕاوە، لە مانگى ئابەوە وەزارەتى نەوت بڕیاری داوە هەر بەرمیلە نەوتێک کە دەدرێتە پاڵاوگەکان بە نرخى ڕۆژ و داشکاندنى 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بێت.
گوتیشى "وەزارەتى نەوتى فیدراڵ ئەم بابەتەى بۆ ڕوونکردینەوە و ئامادەیشیان دەربڕیوە بەم شێوەیە هاوکاریی هەرێمى کوردستانیش بکەن، ئەم پێشنیازە دراوەتە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان و ئامادەبوون لەسەرتاسەرى عێراق جێبەجێ بکرێت".
ئامانج ڕەحیم: یەکەمجارە هەرێمى کوردستان لە ئامادەکردنى ڕەشنووسى بودجە بەشدار بێت
وەزارەتی پلاندانان و شاندی هەرێمی کوردستان بودجەیان تاوتوێکرد
شاندى هەرێمى کوردستان و وەزیرى نەوت تاوتوێى دۆسیەکانى نەوت و غازیان کرد
شاندى هەرێمى کوردستان ئەنجامى سەردانەکەیان بۆ بەغداد خستەڕوو
ڕێبەر ئەحمەد ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغداد لەسەر گومرگ ئاشکرا دەکات