
لە کاتێکدا عێراق هەنگاو بەرەو بەهێزکردنی سەروەریی خاکەکەی و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەنێت، پرسی ئامادەیی سەربازیی وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکەدا بووەتە کرۆکی هەڵسەنگاندنە ستراتیجییەکان. لەم نێوەندەشدا، ئایندەی پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە لەبەردەم وەرچەرخانێکی گرنگدایە.
مێژووی دەستوەردان و جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراقدا بۆ چەندین قۆناغی جیاواز دەگەڕێتەوە. لە ماوەی شەڕی 40 ساڵەی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سوپای تورکیا لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە یەک لەدوای یەکەکانی پێگەی خۆی لە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان بەهێز و پتەوکردووە. دواتر و لەگەڵ سەرهەڵدانی هەڕەشەکانی داعش، تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی ئامادەیی سەربازیی خۆی فراوانتر کرد و لە ڕێگەی دروستکردنی بنکەی سەربازییەوە دەستی بە ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکان کرد.
لە نوێترین پێشهاتدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕوونی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی بەغداد خستەڕوو. ئەردۆغان ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دا و ڕایگەیاند: "لە عێراقی دراوسێماندا، پشتگیریی تەواومان بۆ هەوڵەکانی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چەسپاندنی سەقامگیری هەیە. لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی گواستنەوە و وزەدا کە خۆشگوزەرانیی ناوچەکەمان زیاد دەکەن، لە سەروویانەوە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراقدا کار دەکەین".
پشتگیرییە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە دوای زنجیرەیەک جووڵەی ئەمنیی لەپشت پەردەکانەوە دێن. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لەماوەی ڕابردوودا شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، سەردانی تورکیایان کردووە.
لەو سەردانەدا، شاندەکە جگە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوتا تورکییەکانیان و وەزیری دەرەوەی تورکیا، پەیامێکی بەغدادیان گەیاندووە کە بریتییە لە داوایەکی فەرمیی حکومەتی عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و نامەی فەرمیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە گەیەندراوەتە دەست ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.
ئەم دیپلۆماسییە ئەمنییە ئاماژەی سەرەتایی ئەرێنی لێکەوتووەتەوە. بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی کەناڵ8، بریتین لە:
یەکەم: تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، هێزەکانی تورکیا سەربازگەی باشیک- زلێکان لە دەشتی نەینەوا بەتەواوی چۆڵ دەکەن.
دووەم: پرۆسەی چۆڵکردنەکە بە ڕێککەوتن و هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ دەبێت و سەربازگەکان تەسلیمی ڕادەستی حکومەت و سوپای عێراق دەکرێنەوە.
تەنانەت بە چۆڵکردنی سەربازگەکانی باشیک- زلێکان، هێشتا بەشێکی سەرەکیی ئامادەیی سەربازیی تورکیا لە ناوچە شاخاوییەکان و بە درێژایی سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی شەڕی پەکەکەوە دەمێنێتەوە.
شیکەرەوان باوەڕیان وایە، کشانەوەی تەواوەتیی ئەو هێزە سەربازییانەی تورکیا کە بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بەندە بە سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ پەکەکە.
داهاتووی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە لە نێوان دوو تەوەرەدا هاوسەنگ دەبێتەوە: سەرکەوتنی عێراق لە کۆنترۆڵکردنەوەی سەروەریی خاكەکەی لە ڕێگەی پڕۆژە ئابوورییە هاوبەشەکانی وەک ڕێگەی گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی دیالۆگی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییە مێژووییەکان لە ناوچەکەدا.
کەناڵ8 ئاشکرایکرد و ئەردۆغان و زەیدی پشتڕاستی دەکەنەوە؛ تورکیا دەکشێتەوە
تۆم باراک: کشانەوەی سەربازیی تورکیا لە عێراق خاڵی وەرچەرخانە
