فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سزای لوئەی عانی و یانەی تەڵەبەیدا

لوئەی عانی، یاریزانی پێشووی یانەی زەورا و ئێستای یانەی تەڵەبە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سزایەکی قورسی لوئەی عانی، ئەستێرەی پێشووی یانەی زەورایدا، هەروەها یانەی تەڵەبەشی بەتوندی سزادا، بەهۆی ئەوەی یاریزانەکەو یانەی تەڵەبە، بەبێ رەزامەندی زەورا، گرێبەستیان واژۆکردووە.

راگەیاندنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، فیدراسیۆنەکەمان بەهۆی پێشێلکردنی یاسای گرێبەستکردن، سزای لوئەی عانی و یانەی تەڵەبەی داوە، سزاکانیش بریتینلە : تەڵەبە، سێ خاڵی بۆ وەرزی نوێ لێدەشكێت، بە بڕی 20 ملیۆن دیناریش سزادراوە، دەبێت لە ماوەی 72 کاتژمێردا سزا داراییەکەش بدات بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق.

یاریزانەکەی زەوراش بە 15 ملیۆن دینار سزادرا، هەروەها ساڵێكیش لە یارییکردن سڕکرا، ئەم سزایانەش بەهۆی پێشێلکردنی یاسای گرێبەستەوەیە، ئەمەش یەکەمجارە سزایەکی لەو شێوەیە بەسەر یاریزانێک و یانەیەکی خولی عێراقی جێبەجێبکرێت.

هۆکاری سزاکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لوئەی عانی و یانەی تەڵەبە، بەبێ رەزامەندی و دەستبەرداربوونی یانەی زەورا، گرێبەستەکەیان واژۆکردووە، تەواوی ئەم هاوینەش یاریزانەکە لەگەڵ یانەی تەڵەبە ئامادەکارییەکانی ئەنجامداوە.