بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولی عێراقدا سیستەمی ڤار بەکاردەهێنرێت

تەکنەلۆجیای ڤار (وێنە:AP)

خولی نایابی عێراق دەستپێدەکات، یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکە سوودی لە ئەزموونی بەرپرسانی لالیگا وەرگرتووە و بە سەرپەرشتی ئەوان تەکنەلۆجیای ڤار لە شەش یاریگای وڵاتەکەدا جێبەجێدەکرێت، یاریگەکانی دیکەش بەشێوەی ناجێگیر و بە یاریدەی کۆمپانیای گواستنەوەی پەخشەکان، یاساکانی ڤاری تێدا جێبەجێدەکرێت.

یاریگەکانی زەورا و کەرخ لە شاری بەغداد، فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، یاریگەی دهۆک لە شاری دهۆک، هەروەها نێودەوڵەتی بەسڕە لە شاری بەسڕە و کوت لە شاری واست، هاوشێوەی یاریگەکانی ئەورووپا تەکنەلۆجیای ڤاریان تێدا تەرخانکراوە، لیژنەی ناوبژیوانان و ستافی لالیگا سەردانی ئەو یاریگەیانەیان کردووە و دوای تاقیکردنەوەی تەکنەلۆجیاکە، گوتوویانە : "ئەو پێنج یاریگەیە بە ڤارەوە ئامادەن بۆ یارییەکانی پرۆلیگی عێراق".

یاریگەکانی دیکەش، لە نموونەی یاریگەی زاخۆ و مەلعەبەکەی شاری سلێمانی، فەیحا، مینا، ئەمانە بەغداد و نەفت تاوەکو ئێستا ڤاریان بۆ دانەنراوە، بەڵام کۆمپانیای عەشتار کە مافی گواستنەوەی پەخشە تەلەفیزیۆنییەکانی لەئەستۆگرتووە، یاریدەدەردەبێت لە ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلی "ئۆبی ڤان و ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلەش تەکنەلۆجیای ڤاری تێدایە، لەنێو یاریگاوە هاوشێوەی بۆکسێکی جێگیر یارییەکان دەگوازێتەوە و وردەکارییەکانی ڤاریش جێبەجێدەکات".

لەم وەرزەدا 20 یانە بەشداریی پرۆلیگی عێراقیان کردووە، دابەشبوون بەسەر 13 شاری وڵاتەکەدا، شەش شاری گەورەی عێراقیش هیچ نوێنەرێکیان لە خولەکەدا نییە، ئەوانیش شارەكانی کەرکووک، موسڵ، واست، سەڵاحەدین، دیوانییە، سەماوە.