نەورۆز سێ خاڵی گرنگ لەدەستدەدات

یاری نێوان نەورۆز و دهۆک لە خولی پیشەگەرانی عێراق- وێنە: پەیجی فەڕمی یانەی نەورۆز

لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی نەورۆز نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بە گۆڵێک شکستیهێنا، سیستەمی ڤاریش لێدانێکی سزای نەورۆزی رەتکردەوە.

لە دووەم یاری خولی پیشەگەرانی عێراقدا، نەورۆز میوانداریی یانەی دهۆکی کرد، یارییەکەش لە مەلعەبەکەی شاری سلێمانی بەرێوەچوو، یانەی خانەخوێ نەیتوانی بردنەوە بەدەستبهێنێت و لەبەردەم نزیکەی پێنج هەزار هاندەریدا سێ خاڵی گرنگی لەدەستدا.

نەورۆز بەبەهێزی دەستی بە یارییکرد، بەڵام یانیک زاکیر لە خولەکی 18 سوودی لە هەڵەیەکی هێڵی بەرگریکارانی یانەی نەورۆز بینی و گۆڵی یەکەمی تۆمار کرد.

گێمی دووەم، نەورۆز بەتەواوی باڵادەستی خۆی پیشاندا و زۆرترین هێرشی ئەنجامدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە.

لە خولەکی 63 ناوبژیوان بەهۆی رەفتاری ناوەرزشییەوە، دوای گەڕانەوەی بۆ سیستەمی ڤار، هیران ئازادی یاریزانی یانەی دهۆکی بەکارتی سوور کردە دەرەوەی یاریگا.

یارییەکە گەیشتە کاتی زیادکراو ناوبژیوان فیکەی لێدانی سزای بۆ نەورۆز لێدا، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ ڤار لێدانەکەی رەتکردەوە.

دوای نۆ خولەک کاتی زیادکراو ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێداو بە گۆڵێکی بێبەرامبەر ئەنجامەکە بە سوودی یانەی دهۆک کۆتاییهات.