سلێمانی پێشەنگە

تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانی پاڵەوانی قۆناغی یەکەمی عێراق - وێنە: راگەیاندنی یانەی سلێمانی

تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانی دووەم سەرکەوتنی لە خولی نایابی عێراق نوسییەوە، بەتەنیا خۆی لەلوتکەی ریزبەندی خولەکەدایە و چاویشی لە 14یەمین نازناوی خولەکەیە.

لە یەکێک لە یارییەکانی قۆناغی یەکەمی خولەکەدا، یانەی سلێمانی میوانداری غازی باشووری کرد، یانەی سلێمانی بە پاڵپشتی سێ یاریزانی عێراقی و پیشەگەرێکی ئێرانی توانی دووەم سەرکەوتنی لەسەریەک بەدەستبێنێت.

یارییەکانی قۆناغی کۆتایی خولی نایابی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێراق، بەبەشداری یانەکانی سلێمانی، جەیش، سەناعە و غازی باشوور بەشێوازی چوون و هاتن ئەنجامدەدرێت، ئەوەش دوای زیاتر لە 40ساڵ خولی عێراق بەمشێوەیە ئەنجامنەدراوە.

دوای تەواو بوونی یارییەکانی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێراق، یانەی سلێمانی بە دوو سەرکەوتن و شکستێک بەکۆکردنەوەی شەش خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندییدایە، یانەی جەیش بەهەمان خاڵی سلێمانی لە پلەی دووەمدایە، هەروەها یانەکانی سەناعە و غازی باشووریش بە سێ خاڵ پلەکانی سێیەم و چوارەمیان گرتووە.  

قۆناغی یەکەمی کێبڕکێکانی خولی نایابی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێراق کۆتاییهات، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو کێبڕکێکانی قۆناغی دووەمی خولەکە دەستپێبکاتەوە.