یاریزانانی هەولێر بەردەوامن لە بایکۆت

یانەی وەرزشی تۆپی پێی هەولێڕ. فۆتۆ: پەیجی فەرمی یانەی هەولێر.

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، بایکۆتی یاریزانە عێراقییەکانی یانەی هەولێر بەردوام بوو.

هەرچەندە کارگێریی یانەی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری وەرزشیی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ماوەی دوو کاتژمێر کۆبوونەوەی ئەنجامدا و بەڵێندرا، کە یانەکە لەو دۆخە داراییە رزگاربکرێت کە تووشیهاتووە، بەڵام جارێکی دیکە یاریزانە عێراقییەکانی یانەی هەولێر بایکۆتی راهێنانەکانیان کرد.

لە دوای دۆڕاندن بە یانەی زاخۆ و پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لەلایەن ئیدارەی یانەکەوە، یاریزانانی یانەی هەولێر ماوەی دوو رۆژە راهێنانەکانیان بایکۆت کردووە، شەوی رابردوو بەفەرمی ئیدارەی یانەی هەولێر رایگەیاند، کە کاتژمێر 7:00 لە یاریگەی دووەم راهێنانەکان ئەنجامدەدەن، بەڵام تەنیا شەش یاریزان ئامادەبوون، ئەوانیش پێنج یاریزانی پیشەگەر و ئاسۆ رۆستەمی هێرشبەری ناوداری هەلبژاردەی عێراق بوون.