/

ژیریی دەستکرد و بەرەوپێشچوونەکانی لە ساڵی 2023

ژیریی دەستکرد، ئەو تەکنەلۆجیا نوێیەى 2023 ساڵى گەشەسەندنى بوو، لە ماوەیەکی کەمدا توانیی تێکەڵ بە زۆرینەی بوارەکانی ژیان بێت، بۆ هەندێک بوو بە فریادڕەس و بۆ هەندێکی دیکەش بوو بە بەڵا.

تەکنەلۆجیاکە کاریگەریی خۆی لەسەر چەندین بواری جیاواز بەجێهێشتووە، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و خوێندن، مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە، هەر زوو زانکۆکان لە سەرانسەری جیهان، بوون بە دوو بەشەوە، هەندێکیان قەدەغەیان کرد و هەندێکی دیکەیان هەوڵیاندەدا تەکنەلۆجیاکە تێکەڵ بە سیستمی خوێندنەکەیان بکەن.

باڵبیر بارن، راگری کۆلێژی زانست و تەکنەلۆجیا لە زانکۆی میدڵێسێکس دەڵێت: "گرنگە ئێمە وەکو خەڵکی ئەکادیمی، راهێنان بە خوێندکارەکانمان بکەین بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن ئەم ئامرازانە بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنن و سنوورەکانیان بزانن و بەڕاستی بیانکەینە بەشێک لە چەکی زانکۆکان، بە پێچەوانەی ئەوەی بیکەینە شتێک و زانکۆکان رەتی بکەنەوە".

تەکنەلۆجیاکە کاریگەریی لەسەر هونەرمەندان و هونەرە نەریتییەکانیش دروستکردووە، هونەرمەندانی وەکو سوگوین چەنگ، بە بەکارهێنانی دوو قۆڵیی رۆبۆتی و بە ژیریی دەستکرد دژایەتی هونەرە نەریتییەکان دەکات، هاوکات رەفیک ئەنادۆڵ، هونەرمەندێکی دیکەیە دەڵێت: "ئەم کارە ژیریی دەستکرد و ئەلگۆریتمێکی تایبەت بەکاردەهێنێت کە لە دە ساڵی رابردووەوە کاری لەسەر دەکەم، لەو کاتەوەی دەستەواژەی "وێنەکێشانی داتا"م داهێناوە، هەوڵدەدەم کارە هونەرییەکان، لەگەڵ ئەلگۆریتمی فێربوونی ئامێر، بەتایبەتی ژیریی دەستکرد دروستبکەم".

ژیریی دەستکرد ئەمساڵ توانیی ژیانی چەندین مرۆڤ لە نەخۆشخانەکاندا رزگاربکات، زانکۆی لەند لە سوید، لە تاقیکردنەوەی مامۆگرافیدا تەکنەلۆجیاکە بۆ دۆزینەوەی لووی نەخۆشەکان بەکاردەهێنێت.

کریستینا لانگ، توێژەر و پرۆفیسۆری یاریدەدەری لە زانکۆی لەند، گوتی: "دەتوانیت لێرەدا ببینیت ژیریی دەستکرد چەند شتێکی لەسەر وێنەکە دیاریکردووە، دواتر ئێمە ئەم داتایانە شیدەکەینەوە، لە راستیدا لێرەدا بارستەیەکی ورد هەیە کە بەشێکی بە شانەی چڕ داپۆشراوە، وە دواتر ئەم ژنەمان بانگکردەوە بۆ ئێرە و دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنێکمان بۆ کرد، شێرپەنجەیەکی پێنج میلیمەتریمان دۆزییەوە".

لەبەر بەکارهێنانی بەربڵاوی تەکنەلۆجیاکە و بە نزیکەیی لە هەموو بوارەکاندا، وڵاتان بەشێوەیەکی گشتی هەوڵی دامەزراندنی چوارچێوەیەکیان دەدا بۆ سنووردارکردنی ژیریی دەستکرد.

ئەمساڵ یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ یاسای ژیرییە دەستکردەکەی، بووە رێبەری جیهان بۆ داڕشتنەوەی یاسای ژیریی دەستکرد، هەروەها وڵاتانی دیکەی وەکو ئەمریکا و چین، یاسای تایبەتی خۆیان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاکە دانا.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەکرد: "کارى لەپێشینەمان ئەوەیە، دڵنیابین لەوەی ژیریی دەستکرد، بەشێوەیەکی روون و بەرپرسیارانە گەشە دەکات، لەبەر ئەوە بەڵێنم داوە، لە سەد رۆژی یەکەمدا رێوشوێنێکی یاسایی دابنێم، لەبیرتان بێت ئێمە یەکەم یاسای گشتگیری ژیریی دەستکردمان لە جیهاندا دانا".

ئێستا گفتوگۆ جیهانییەکان چڕتر بوونەتەوە لەسەر رێکخستن و شەفافییەت و بەکارهێنانی ئەخلاقییانەی تەکنەلۆجیاکە، کە لە داهاتوودا رەنگە پێشکەوتنەکانی ئاڵۆزتر ببێت.