ژیریی دەستکرد یارمەتیی دەستنیشانکردنی جۆرێکی شێرپەنجە دەدات

پسپۆڕان پێشبینیدەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد پشکنینێکی خوێن بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی هێلکەدان بەردەستبێت.

شێرپەنجەی هێلکەدان، بە جۆرێکی شێرپەنجەی بێدەنگ دادەنرێت، واتا زۆرجار بەهۆی ئەوەی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە تووشبوواندا دەرناکەون، وای کردووە یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان.

خانە شێرپەنجەییەکان زۆر بە ناڕێکی دابەشدەبن و زیاددەکەن، هەربۆیە ئەو ماددە بۆماوەییانەی لەناو ئەم خانانەدان، زۆر ناڕێک و جیاوازن بەراورد بە خانە تەندروستەکان، پارچەی بچووکی ئەم جینە نائاساییانە لە خوێنی تووشبووانی ئەم جۆرەی شێرپەنجەدا بوونیان هەیە.
پسپۆڕان ژیریی دەستکردیان بەکارهێنا بۆ پشکنینی خوێنی تووشبووەکان، بۆ ئەوەی بزانن تا چەند ژیرییە دەستکردەکە دەتوانێت جینە نائاساییەکانی ناو خوێنی تووشبووەکان دەستنیشانبکات.

توێژەران هەستان بە تاقیکردنەوەی ئەم دۆزینەوە نوێیە، لە تاقیکردنەوەکەدا 134 تووشبووی شێرپەنجەی هێلکەدان، 204 خانمی تەندروست و 203 خانم کە گرێی بێزیانی هێلکەدانیان هەبوو، بەشداربوون.
ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکە دەریخست کە پشکنینەکە بە رێژەی 99% راست و وردبووە.

وردیی ئەنجامەکانی پشکنینەکە بەگوێرەی قۆناغی شێرپەنجەکە دەگۆڕا، بە جۆرێک بە رێژەی 69% توانی تووشبووانی شێرپەنجەی هێلکەدانی قۆناغی یەکەم دەستنیشانبکات، 76%ی تووشبووانی قۆناغی دوو، 85%ی تووشبووانی قۆناغی سێیەم و بە رێژەی 100% تووشبووانی قۆناغی چوارەمی نەخۆشییەکەشی دەستنیشانکرد.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا پشکنینەکە بەردەست نییە و پێویستی بە تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زیاترە، بەڵام ئەمە دەکرێت هیوایەکی گەورەبێت بۆ خانمان و مەترسییەکانی نەخۆشیی شێرپەنجەی هێلکەدان کەمتربکاتەوە، بەو پێیەی یارمەتیی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەدات لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا و بە ئاسانیش لە رێگەی خوێنەوە ئەنجامدەدرێت.