یانەی هەولێر لە بڕیارێکی خۆی پەشیمان دەبێتەوە

ئەحمەد رێبوار، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر. فۆتۆ:AP

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، هەردوو یاریزان سەگر ئەحمەد لە یانەی سۆران و ئەحمەد رێبواری گۆڵپارێزی یانەی هەولێر بانگهێشتکران، هەردوو یاریزانەکە سزاکانیان کۆتایی پێهێنرا دوای ئەوەی داوای لێبوردنیان کرد.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8 یانەی هەولێر لەسەرهێڵە بۆ گەڕانەوەی گۆڵپارێزەکە بۆ قۆناغی دووەمی خولی نایابی کوردستان.

دیدار حامد، گۆڵپارێزی پێشووی هەولێر و سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی هەولێر لە خولی کوردستان، بە کەناڵ8ی راگەیاند، "داوامان لە ئەحمەد رێبوار، گۆڵپارێزی یانەکە کردووە بۆ قۆناغی دووەم بگەڕێتەوە و یانەکە پشتیپێدەبەستێت، هەروەها گوتیشی کە ئێمە دەزانین کارێکی دوور لە گیانی وەرزشی ئەنجامداوە، بەڵام هەموو کەسێک هەڵە دەکات، گۆڵپارێزەکە پەشیمانبووەتەوە لەو کارەی ئەنجامیداوە و ئێمەش دەزانین کە کارەکە دووبارە ناکاتەوە."

چاوەڕواندەکرێت گۆڵپارێزەکەی قەڵای زەرد، بە داواکەی یانەی هەولێر رازیبێت و بگەڕێتەوە بۆ یانەکە.

یانەی هەولێر، بەبێ ئەحمەد رێبواری گۆڵپارێز، 10 یاریی ئەنجامدا تەنیا دووجار تیپەکەی گۆڵی لەسەر تۆمارنەکراوە و یانەکە بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ لە 15 یارییدا و لە پلەی 13یەمی ریزبەندیی کۆتایی بە قۆناغی یەکەم هێنا.