/

نوێترین رۆبۆتی دەستنوسی ژیریی دەستکرد نمایشکرا

نوێترین داهێنانى کۆمپانیاى هاند ریتن، هەواڵێکى خۆشە بۆ ئەوانەى خەتیان ناخۆشە، دەرفەتێکى گەورەیە بۆ ئەوانەى ناتوانن بەجوانی بە پێنوس بنوسن، ئێستا ئەم رۆبۆتە کارەکەی بۆ ئاسانکردون.

ئەی ئای ئەسێست، نوێترین خزمەتگوزاریی کۆمپانیایی (هاند ریتن)ە، ئێستا بە ژیریی دەستکرد بەهێزکراوە و دەتوانێت بەشێوەی دەستنوس، نوسراو و راپۆرت بنوسێت.

دەیڤید واکس، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و سەرۆکی میکانیکی رۆبۆتی هاند ریتن، رایگەیاند،" بەراستی چات جی پی تی توانی یارمەتیدەرێکی باشمان بێت بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ هاوڵاتییان بکەین و ئەوانیش بریار بدەن چی بنوسن، بۆ نمونە دەتوانیت داوای لەم رۆبۆتە بکەیت، داوای لێبوردنێک بۆ ماڵە دراوسێکەتان بنوسێت، بەهۆی ئەوەی پشیلەکەیانت ئازارداوە، پاشان رۆبۆتەکە یاداشتەکە دەنوسێت و هەر خۆشی واژۆیەکت بۆ دەکات و بە رێکەوتی هەمان رۆژ، بۆیە پێویست ناکات نیگەرانبیت".

رۆبۆتی دەستنوسی ژیریی دەستکرد

بۆ ئەو کەسانەی خواستی نوسین و داڕشتنەوەی پەیامەکانیان نییە، یاخود کاتێکی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، ئەوا دەتوانن پشت بەم قۆڵە رۆبۆتییە ببەستن.

دەیڤید واکس، گوتیشی، "بەمنزیکانە هاوکارێکی ئەی ئایت دەبێت، تۆش دەتوانیت هاوار بکەیت و داوای لێبکەیت چیت دەوێت بۆت بنوسێت، ئەویش بە قەڵەمەکەی دەست دەکات بە نوسین، بۆچوونم وایە لە داهاتوودا هەموو ئەمانە بەشێوەیەکی یەکگرتوو رێکدەخرێن و تۆش هاوبەشێکی دەستنوست دەبێت".

پسپۆران بۆچوونیان وایە، لە داهاتوودا تەکنەلۆجیا زۆر لە ئێستا زیاتر دەستدەخاتە ناو ژیان و کارى هاوڵاتییانەوە، بەجۆرێک لە بری هاوڵاتییان ئەرکەکان جێبەجێ دەکات.