لاپتۆپێکی هواوی یاسادانەرانی ئەمریکا توڕە دەکات

وێنەی Huawei MateBook X Pro

ئیدارەى جۆ بایدن رووبەڕووى رەخنەى بەشێک لە یاسادانەران بوەتەوە بەهۆى بەکارهێنانى چیپێکى کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە بەرهەمێکى کۆمپانیاى هواوى.

یاسادانەرانی سەربە پارتی کۆمارییەکان لە ئەمریکا، رەخنەی توند لە ئیدارەی جۆ بایدن دەگرن پاشئەوەی کۆمپانیای هواوی چینی ئاشکرایکرد لاپتۆپێکی نوێ بڵاودەکاتەوە و چیپێکی بەهێزی ژیریی دەستکردی تێدابەکارهێناوە، کە کۆمپانیای ئینتێڵی ئەمریکی دروستیکردووە.

لە ساڵی 2019 حکومەتى ئەمریکا، کۆمپانیای هواوی چینیی سزاداو ناوى لە لیستی ئەو ئەو ناوانەیە کە سنووردارکراون لە بازرگانیکردن بەهۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتی ئێران، یهۆکارێکى دیکەى بڕیارەکەى ئەمریکا بەرگرتنە لە چین بۆ پێشخستنی تەکنەلۆجیا، ئەمەش وایکرد وەرگرتنی مۆڵەت بۆ گواستنەوەی چیپ لە ئەمریکاوە بۆ کۆمپانیای هواوی زۆر قورس و ئەستەم بێت.

بەڵام بڵاوکردنەوەی لاپتۆپە نوێیەکەی هواوی بەناوی مەیت بووک ئێکس پڕۆ، کە پرۆسێسەری کۆر ئەڵترا ناینی   Intel Core Ultra 9کۆمپانیای ئینتێڵی لەسەرە، یاسادانەرانی ئەمریکی نیگەرانکردووە، ئاماژەیان بەوەکردووە "ئەمە واتای ئەوەیە کە وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا و ئیدارەی بایدن، رێگەپێدانی بە کۆمپانیای ئینتێڵ داوە بۆ گواستنەوەی ئەو پارچانە". داواشیانکرد دەستبەجێ یاسایەک دەربکرێت بۆ وەستاندنی بازرگانی چیپە پێشکەوتووەکان لەگەڵ چین، بەهۆی ئەوەی کە وڵاتەکە تەکنەلۆجیای ئەمریکی بۆ پێشخستنی سوپای وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت.