کۆمپانیایەک یەکەم چیپی مێشک لە چین بەرهەمدەهێنێت

وێنەی گرافیکی مێشک

رکابەرییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لە بواری تەکنەلۆجیادا تاوەکو دێت زیاتردەبێت، لە نوێترین هەنگاویشیدا، کۆمپانیایەکی چین، چیپێکی مێشکی ئاشکراکرد، لە هاوشێوەی ئەو تەکنەلۆجیایەی لەلایەن کۆمپانیای نیورالینکی ئیلۆن مەسکەوە پەرەیپێدراوە.

کۆمپانیای شینژیدای تایبەت بە تەکنەلۆجیای دەمار، لەلایەن چینەوە پشتیوانیدەکرێت، ئامێرێکی دروستکردووە بە ناوی "نیوسایبەر"، تاوەکو ئێستا ئامێرەکە تەنیا لەسەر مەیمون تاقیکراوەتەوە، چیپەکە رێگە بە مەیمونەکەدەدات کۆنترۆڵی باڵێکی رۆبۆتی بکات تەنیا لەڕێگەی بیرکردنەوەکانییەوە، ئاژانسی هەواڵی شینخوای چین، ئاماژەی بەوەداوە تەکنەلۆجیاکە "بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەرەیپێدراوە" و یەکەم چیپی لەم شێوەیەیە لە چین دروستبکرێت.

لە کاتێکدا نە زاناکان و نە شینخوا، باسیان لە چیپەکەی ئیلۆن مەسک نەکردووە، بەڵام ئاشکراکردنی ئەم بەرهەمە نوێیە لە کۆڕبەندی ساڵانەی ژۆنگوانکون کە تیشک دەخاتە سەر تەکنەلۆجیا لە پەکین، شایەتی ئەوەیە چین ئامانجی ئەوەیە بگاتەوە بە کۆمپانیای نیورالینکی مەسک.

کۆمپانیای نیورالینک، بەم دواییانە چیپەکەی لە مێشکی کەسێکی ئیفلیجدا چاند، لە کاتێکدا چین هێشتا تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ دەستپێنەکردووە.