سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن سەردانى کارگەی JASM دەکات

فۆمیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن، سەردانى لقێکی کارگەکانی کۆمپانیای TSMC ى تایوانى  لە ژاپۆن کرد، کارگەکەی ژاپۆن ناوی JASM، ئەمساڵ کراوەتەوە.

رۆژی 6ی نیسانی 2024، سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن سەردانى کارگەکەی ژاپۆن JASM، کرد و هاوخەمى خۆى دەربڕى بۆ کەسوکارى قوربانیانى بومەلەرزەکەى هەفتەى رابردووى تایوان کە ژمارەیەک قوربانى لێکەوتەوە.

رۆژى 3ی نیسان 2024، بوومەلەرزەیەک بەگوڕى 7.2 پلەى رێختەر رۆژهەڵاتی تایوانی هەژاند و کۆمپانیای TSMC یەکێک بوو لەوانەى بەوهۆیەوە زیانێکی زۆری پێگەیشت.

سەرۆکوەزیرانى ژاپۆن گوتى، "دڵخۆشم کە دەزانم رووداوەکە کاریگەری لەسەر دابینکردنی چیپە نیمچە گەیەنەرەکان، هێندە گەورە نییە".

کارگەیەی JASM ى تایوانى رۆژى 24ی شوباتى ئەمساڵ کراوەتەوە و ژاپۆن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی چیپەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە کاریگەری بەهێزی ئەرێنی بۆ پێشکەوتنی وڵاتەکە هەیە.

سی سی وی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای TSMC، سوپاسی سەرۆکوەزیرانى ژاپۆنى کرد و رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان بەشدارییەکى زۆرى لە پێشخستنی بواری ئابوری دیجیتاڵى و بەدیهێنانى کەمى دەردانى کاربۆن هەیە.

هەروەها گوتى، " پێشکەوتنێکى باشیان لە تەکنەلۆجیای چیپە نیمچە گەیەنەرەکان بەدەستهێناوە".

حکومەتى ژاپۆن بۆ پێشخستنى پیشەسازى چیپ لە وڵاتەکەى نزیکەی 33 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە و هەوڵدەدات کەمترین چیپ لە وڵاتانى دەرەوە هاوردە بکات.

لەگەڵ ئەوەى کۆمپانیای TSMC بەرهەمهێنەری 90%ى چیپە لە جیهاندا، هەنگاو دەنێت بۆ درووستکردنى دووەم کارگەی خۆی لە ئەمریکا و پلانی هەیە بۆیەکەمجار لە ئەوروپا کارگەیەک بۆ دروستکردنی چیپەکان دروستبکات.