نوێترین مۆبایلی تەقلیدی نوشتاوەیە خرایە بازارەوە

نوێترین مۆبایلی تەقلیدی لەلایەن کۆمپانیای (هیومەن مۆبایل دیڤایس) و کۆمپانیای هاینیکن و فرۆشگای بۆدیگا لە هەفتەی دیزاینی میلانۆ، خرایە بازارەوە.

زە بۆرینگ فۆن The Boring Phone, ناوی نوێترین مۆدێلی مۆبایلەکەیە، کە هەنگاوێک لە جیهانی مۆدێرن پاشەکشە دەکات و دەستراگەیشتن بە ئەپ و تۆری کۆمەڵایەتی ناهێڵێت و ئینتەرنێتی نییە.

ئامانجی دروستکردنی ئەم مۆبایلە نوشتاوەیە ئەوەیە، یارمەتى خەڵک بدات زیاتر تێکەڵی ژیانی کۆمەڵایەتییان ببن، ئەویش بە دابینکردنی کەمترین تایبەتمەندیی زیرەک لە مۆبایلەکەدا.

لەرووی دیزاینەوە، مۆبایلەکە بەرگێکى شەفافی هەیە و دەنوشتێتەوە و کە ئیلهامیان لە مۆبایلەکانی ساڵانی 2000ەکانەوە وەرگرتووە و کێشێکی کەمی هەیە و تەنیا 123 گرامە.

مۆبایلەکە پشتگیریی لە تۆری پەیوەندی 4G بۆ پەیوەندیکردن دەکات و توانای کارپێکردنی رادیۆی ئێف ئێمی هەیە، هەروەها خاوەنی پاترییەکی 1500 میلی ئەمپێرە.

بەرێوەبەری پەیوەندییە جیهانییەکانی کۆمپانیای هاینیکنیش دەڵێت، بە بەکارهێنانی ئەم مۆبایلە، ناتوانیت کاتێکی زۆرى تێدا بەسەربەریت و ئامانجیشمانە، خەڵک بگەرێنینەوە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان.