کۆریای باشوور میوانداری دووەم لوتکەی ژیریی دەستکرد دەکات

کۆریای باشوور، لە رۆژانی 21 و 22 ی مانگی داهاتوو، میوانداری دووەم کۆبوونەوەی جیهانی سەلامەتی ژیریی دەستکرد دەکات، ئەمەش شەش مانگ دوای ئەوەی بەریتانیا یەکەم لوتکەی ئەنجامدا.

لە راگەیەندراوێکدا، بەرپرسانی حکومی وڵاتەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، کۆبوونەوەکە هاوکاردەبێت بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەبارەی بەکارهێنانی سەلامەتانەی ژیریی دەستکرد لە نێوان وڵاتان، بە تایبەتیش ئەمریکا و چین.

کاتێک کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2022 چاتبۆتی زیرەکی چات جی پی تی راگەیاند، زۆرینەی جیهان پێی سەرسامبوون لە کاتێکدا هەندیکی دیکە بۆچوونیان وابوو ئەمە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە لەبارەی تەکنەلۆجیاکە.

لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، بەریتانیا میوانداری یەکەم کۆبوونەوەی لوتکەی سەلامەتی ژیریی دەستکردی کرد، کە سەرکردەکانی جیهان و زانایانی تەکنەلۆجی و ئەکادیمی کۆکردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەو تەکنەلۆجیایەی زۆر بەخێرایی گەشە دەکات.

دوای دوو رۆژ، زیاتر لە 25 نوێنەری وڵاتان، رێککەوتنێکی هاوبەشیان واژۆکرد، تاوەکو پێکەوە کاربکەن و رێوشوێنێکی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی تەکنەلۆجیاکە دابنێن.