راپۆرت: لە دوو ساڵی داهاتوودا زانیاری هەڵە گەورەترین مەترسی دەبێت

ChatGPT
چات جی پی تی دەتوانێت دەستیبگات بە نوێترین زانیاری

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، زانیاری هەڵە و هەڵخەڵەتێنەر کە بە ژیریی دەستکرد بەرهەمدەهێنرێت، هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی و کۆمەڵگا، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووریی جیهان.

راپۆرتەکەی داڤۆس، لە رۆژی چوارشەممە، 10ی کانوونی دووەم بڵاوکراوەتەوە، زانیاری هەڵە بە گەورەترین مەترسی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا دادەنێت، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنە خێراکان لە بواری تەکنەلۆجیادا و دەڵێت کێشەی نوێ دروستدەکەن یان ئەوانەی ئێستا خراپتر دەکەن.

نووسەرانی راپۆرتەکە، نیگەرانن لەوەی گەشەکردنی چاتبۆتە زیرەکەکانی وەکو چات جی پی تی، واتای ئەوەیە بەرهەمهێنانی بابەتی ناڕاست و ساختە زیاتردەبێت و ناسینەوەیان ئاسان نابێت، هەروەها دەتوانرێت بۆ هاندانی خەڵک بەکاربهێنرێن.

بڕیارە لە 15ی کانوونی دووەمی 2024، کۆبوونەوەکانی داڤۆس دەستپێبکات، کە چاوەڕواندەکرێت بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا وەکو: سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، ساتیا نادێلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مایکرۆسۆفت و چەندینی کەسی دیکەی پێشەنگ لە بوارەکەدا تێیدا بەشداربن، ژیریی دەستکرد بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان بێت.