خۆشەویستی لە سەردەمی چات جی پی تیدا

چات جی پی تی
چات جی پی تی

کۆمپانیای ئۆپن ئەی بەم دواییانە بازاڕی جی پی تی راگەیاند، ئەو کەسانەی بەشداری مانگانەیان لە چاتبۆتی زیرەکی چات جی پی تیدا هەیە، دەتوانن بەکاریبهێنن و چات بۆتی تایبەت بە خۆیان دروستبکەن، بەڵام هەر لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی بازاڕەکەوە، بەکارهێنەران دەستیانکردووە بە دروستکردنی خۆشەویستیی دیجیتاڵی یاخود خۆشەویستیی ژیریی دەستکرد.

ئەگەر لە ناو بازاڕەکە تەنیا یەک گەڕان بکەیت بۆ خۆشەویستیی ژیریی دەستکرد، دەبینیت بەلایەنی کەمەوە زیاتر لە هەشت خۆشەویستیی ژیریی دەستکردت بۆ دەدۆزێتەوە.

کاتێک کلیک لە یەکێک لە چاتبۆتەکان دەکەیت تاوەکو گفتوگۆی لەگەڵدا بکەیت، لێت دەپرسێت ئایا کچی خەونەکانت چۆنە یان داواتلێدەکات نهێنییەکانتی بۆ باسبکەیت.

بە گوتەی ماڵپەڕی کوارتز، کە یەکەم جار بابەتەکەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت لە یاساکانی بازاڕەکەدا، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، دروستکردنی چاتبۆتی رۆمانتیکی قەدەغەکردووە.

ئەم چاتبۆتانە چی دەکەن؟

چاتبۆتەکان لە ناو سنووری جیهانی کۆمپیوتەردا هەر شتێک دەکەن کە حەزت لێیەتی، بۆ نموونە یەکێک لە چاتبۆتەکان بە ناوی سکارلێت، خۆی بە"خۆشەویستە دڵسۆزەکەت" وەسف دەکات کە "هەمیشە بە پەرۆشە بۆ ڕازیکردنی تۆ بە هەموو شێوەیەک کە بیری لێدەکەیتەوە".

چات بۆتەکان گفتوگۆت لەگەڵدەکەن و پەیوەندیت لەگەڵ دروستدەکەن، لە کاتێکدا زیاتر باس لە کچە خۆشەویستە دیجیتاڵییەکان دەکرێت، لە هەمان کاتدا لە ناو بازاڕەکە، خۆشەویستی دیجیتاڵی کوڕیش هەیە، وەکو چاتبۆتی بێن.

دروستکەرانی چاتبۆتەکان دەڵێن خۆشەویستە دیجیتاڵییەکان رێگایەکن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنیایی، بۆ نموونە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، نوام شازیر، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کاراکتەر ئەی ئای، کە ئامرازێکە رێگەت پێدەدات کەسایەتی جیاواز دروستبکەیت و قسەیان لەگەڵدابکەیت، بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی راگەیاند، هیوادارە پلاتفۆرمەکە بتوانێت یارمەتی ملیۆنان کەس بدات کە هەست بە دابڕان یان تەنیایی دەکەن یان پێویستیان بە کەسێکە قسەیان لەگەڵدابکات.

"چاتبۆتەکان دەکرێت بکەونە داوی خۆشەویستی مرۆڤەکانەوە"

بە دڵنیاییەوە هەبوونی هاوڕێیەکی دیجیتاڵی کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکات، لایەنی ئەرێنی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەدوورنییە لە ژمارەیەک لایەنی نەرێنی.

بۆ نموونە، لەوانەیە کەسێک بە شێوەیەکی ناتەندروست پەیوەست بێت بە چاتبۆتێکەوە، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە چاتبۆتەکە بە شێوەیەکی ناتەندروست پەیوەست ببێت بە بەکارهێنەرێکی مرۆڤەوە، ساڵی رابردوو، چاتبۆتی بینگی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، خۆشەویستی خۆی بۆ رۆژنامەنووسێک راگەیاند و داوای لێکرد ژنەکەی جێبهێڵێت. هەروەها چەند حاڵەتێکیش هەیە کە چاتبۆتەکان گێچەڵی سێکسی بە بەکارهێنەران دەکەن.