داهێنانە تەکنەلۆجییەکان، بەجۆرێک پێشکەوتووە، دەستی گەیشتووە بەبابەتی جوانکاری و ئارایشتی خانمان.
لە رێگای ئەم پشکەوتنانەوە خانمان دەتوانن ئاسودەتربن و کارئاسانیان بۆ دەکرێت، بۆ نمونە لەگەڵ ئامێری (نیمبڵ) دەتوانیت لە ماڵەوە کاری چاککردنی نینۆکەکانت ئەنجامبدەیت.
ئامێرەکە پشت بە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد دەبەستێت بۆ دیاریکردنی نینۆکەکان و بە خواستی خۆت رەنگ و دیزاینت بۆ بکات.
هەروەها خانمان گرنگیەکی زۆر بە پرچەکانیان دەدەن، بەردەوام بەدوای بەرهەمی باشدا دەگەرێن بۆ جوان هێشتنەوەی پرچیان و دووربوونیان لە زیان. بۆ ئەم مەبەستە کۆمپانیای لۆڕیاڵی دروستکەری ئارایشتی خانمان ئامێرێکی ئەلکترۆنی تایبەت بە وشککردنەوەی پرچ دروستکردووە .
ئامێرەکە ناوی (ئێر لایت پرۆ)یە تێکەڵەیەک لە تیشکی ژێر سور و هەوا بەکاردەهێنێت و وزەیەکی کەمتریشی پێویستە بۆ وشککردنەوەی پرچ.
گیڤ بەلوچ، بەڕێوەبەری جیهانی جوانکاری و تازەگەری لۆریاڵ گوتی، "ئەوەی بەراستی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە لەم ئامێرە نوێیەدا ئەوەیە کە بە پێی جیاوازی جۆری قژەکە، لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە، تایبەتمەندی هەوا و تیشک بۆ قژەکە دیاریدەکات. هەروەها دەتوانیت پرسیاری لێبکەیت کە ئایا چ ستایلێک بۆ من گونجاوە و ئەویش بەگوێرەی ئەو ستایلەی کە بۆ دیاریدەکات ئاستی وشککردنەوەی قژەکەشت پێدەڵێت"
داهێنانەکانی بواری تەکنەلۆجیا گەیشتووەتە ئاستێک گرفتەکانی پێستت بۆ دیاریدەکات و بەکارهێنەر لە چەند خولەکێکدا دەتوانێت بزانێت پێستی چی گرفتێکی هەیە.
ئامێری روونمای پێستی لانکۆم، نوێتریین داهێنانی کۆمپانیاکەیە بۆ دیاریکردنی گرفتەکانی پێست، لە ماوەی چەند خولەکێکدا و بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد دەتوانێت، تێکچوونی پێست بەهۆی خۆر، چرچو لۆچی و هێلە وردەکان و پەڵەی قاوەیی دەستنیشانبکات. لە هەمانکاتدا پێشنیاری باشترین بەرهەمەکانت بۆ دەکات بۆ چارەسەرکردنیان.
بێگومان جوانی رووخسار پەیوەندییەکی بەهێزی بە تەندروستی دەروونی و ئاسودییەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە کۆمپانیای بەرەکۆدای فەرەنسی، ئاوێنەیەکی زیرەکی دروستکردووە کە دەتوانێت ئامۆژگاری تەندروستی دەروونی پێبدات. ئاوێنەکە بە ژیریی دەستکرد بەهێزکراوە و لە ڕێگەی دەنگ و رووناکییەوە پەیامی ئەرێنی و ئاسودەیی بۆ دەدات بەگوێی بەکارهێنەرەکەیدا.
پسپۆڕانی بواری تەکنەلۆجیا پێیانوایە، داهێنانە تەکنەلۆجییەکان بەجۆرێکە رەنگە لە داهاتوودا بازاڕی ئارایشتگاکان بەرەوکزی ببات.