/

لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە چیرۆکی سباستیان هالەر بخوێنەرەوە

سباستیان هالەر، یاریزانی بوروسیا دۆرتمۆند. فۆتۆ: AP

18ی تەمووزی 2022 سباستیان هالەر، هێرشبەری کۆتدیڤواری یانەی بوروسیا دۆرتمۆند بەفەرمی ئاشکرایکرد، کە دووچاری شێرپەنجەی کۆئەندامی زاووزێ بووە، هەواڵەکەش وەک ئاگرێک بەنێو پوشوپاڵانی میدیاکاندا بڵاوبووەوە و هەمووانی خەمبارکرد، چونکە میدیا و هاندەر وا بیریاندەکردەوە، کە ژیانی ئەستێرەکەی دۆرتمۆند کۆتاییهاتووە، بەڵام ئەو ورە پۆڵایینەی کە ناوبراو نیشانیدا، تروسکایی بۆ تونێلی تاریکیی بێهیوابوون گەڕاندەوە.

هالەر لە ساڵی 2022 و دوای گەڕانەوەی بۆ راهێنانەکانی کۆتدیڤوار، هەست بە ئازاری ناوسکی دەکات و چەند رۆژێک ئەو ئازارە هەراسانی دەکات، کار دەگاتە ئەوەی نان و خۆراکی بۆ ناخورێت، دواتر ئازارەکە تەشەنە دەکات بۆ هەناسەسواری و نەتوانایی جەستەیی، کاردەگاتە ئەوەی مەشقەکانی بەباشی بۆ نەکرێت و هەموو نیشانەکانی ئەنفلوەنزای ئاسایی تێدا دەردەکەوێت، بۆیە پزیشکانی کۆتدیڤوار بە هاوکاریی پزیشکانی دۆرتمۆند پشکنینی خێرای بۆ ئەنجامدەدەن و بۆیان دەردەکەوێت، نە ئەنفلوەنزایەتی، نە نەخۆشی گەدە، بەڵکو دووچاری گرێیەک بووە لەسەر کۆئەندامی زاوزوێ، کە لەنێو بواری پزیشکیدا بە "شێرپەنجەی گونەکان" ناسراوە.

هالەری تەمەن 29 ساڵ بەوهۆیەوە دابڕا و کەوتە بەر نەشتەری پزیشکان و چارەسەری توند، دوای شەش مانگ دوورکەوتنەوە و ئەنجامدانی دوو نەشتەرگەری، توانی بەسەر نەخۆشییەکەیدا زاڵ بێت، پاشان گەڕایەوە نێو یاریگەکان و لە دەستپێکی دەرکەوتنەوەشیدا گۆڵی تۆمارکرد.

هالەر دوای گەڕانەوە و چارەسەربوون، بە جیهانی گووت، "داوا لە پیاوان دەکەم، پشکنین بۆخۆیان بکەن، شەرم مەکەن، ئەوەی ئێمە دەیکەین بۆ خۆمان و خێزانەکانمانە، هیچ نەخۆشی و بێهیواییەک مەرج نییە کۆتاییەکەی بێهیواکەربێت."