ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هاریکاریی کەرتی تەندروستیی عێراق دەکات

ئاڵا و لۆگۆی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم

کەناڵ8- سلێمانی

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، عێراق دەکات بە یەکێک لەو ناوچانەی هاریکارییان دەکات لە بەکارهێنانی پزیشکییانە و تەندروستانەی تیشک و وزەی ناووکیدا.

وەزارەتی ژینگەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا گەیشتنی پرۆژەی "تیشکەکانی هیوا" بە عێراق پشتڕاسدەکاتەوە و ئەمە وەکو هەنگاوێکی گرنگ باسدەکات لە پرۆسەی دەستنیشان و چارەسەری شێرپەنجە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزکاری و مەترسییەکانی ئەو نەخۆشییە لەسەر تووشبووان.

سەنتەری خۆپارێزی لە تیشکدانەوەکان لە وەزارەتی ژینگەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، کە ئاژانسی دەنگوباسی عێراق (واع) بڵاویکردووەتەوە و دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت "دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەستپێشخەریی تیشکەکانی هیوای (Rays of Hope) دەستپێکرد بۆ وڵاتانی هەژار و داهات مامناوەند بۆ فەراهەمکردنی چارەسەری شێرپەنجە لەو ناوچانەی زۆرترین پێویستییان پێیەتی، ئێستا پرۆژەکە گەیشتووەتە عێراق". وەکو لە بایاننامەکەدا هاتووە "ئەمە دەبێتە پەیامێکی دڵنیاکەرەوە و دڵخۆشکەرانە، هەروەک دەبێتە پەیامێکی رزگارکەرانە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە و بەخشینی هیوا و ژیانێکی نوێ پێیان، دەشبێتە هۆکارێکی کەمکردنەوەی قورساییەکانی شێرپەنجە لەسەر تووشبووان بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا ناووکییەکان".

بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەباح حسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری خۆپارێزی لە تیشکدانەوەکان لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، جەختیکردووەتەوە لە "گرنگیی رۆڵی ناوەندەکە لە بەهێزکردنی چاودێریی چالاکییەکانی پزیشکیی ناووکی و چارەسەری پزیشکی بە تیشک".

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت کە ئەوان شەش دەیەیە هاریکارن لە دەستنیشان و چارەسەری شێرپەنجە لە ڕێگەی تیشکەوە و پرۆژەی تیشکەکانی هیوا دەبێتە بەشێک لە هەوڵەکانی بەدیهێنانی پلانی ساڵی 2030ی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کەمکردنەوەی مردنی پێشوەختە بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە رێژەی 33%.