پسپۆڕێکی شێرپەنجە: بەشێك لە تووشبووانی شێرپەنجە دەتوانن بەڕۆژووبن

د. سارا جەمیل، پسپۆڕی شێرپەنجە..فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕی شێرپەنجە دەڵێت رۆژوو بۆ شێرپەنجە زیانی نییە و بەشێک لە تووشبووان دەتوانن بەڕۆژووبن، بەڵام لە هەندێک قۆناغدا تووشبووانی شێرپەنجە لەبەر دۆخی تایبەتییان باشترە بەڕۆژوو نەبن.

د. سارا جەمیل، پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "ئەو تووشبووانەی شێرپەنجە کە حاڵەتەکەیان کۆنترۆڵکراوە یان بەرەو چاکبوونەوەن یاخود تێیانپەڕاندووە و لە قۆناغێ چاودێریدان، دەتوانن بەڕۆژوو بن و ئەرکە ئایینییەکەیان بەجێبهێنن".

سەبارەت بەوانەی باشترە بەڕۆژوو نەبن، پسپۆڕەکەی شێرپەنجە دەڵێت "ئەو کەسانەی تازە شێرپەنجەکەیان دەستنیشانکراوە و لەسەر چارەسەری کیمیایین، چارەسەرە کیمیاییەکە بێهێزی دروستدەکات، بەرگری دادەبەزێنێت، کەمخوێنی دروستدەکات، کەسەکە شەکەت و ماندووە و هەر خۆی ئارەزووی خواردنی نییە، ئێمە هانیاندەدەین کە هەرکات ئارەزووی خواردنیان هەبوو بیخۆن... ئەم گرووپە لە تووشبووان، ئێمە رێنماییان دەکەین تاوەکوو کۆنترۆڵبوونی نەخۆشییەکەیان بەڕۆژوو نەبن، چونکە زۆرتر پێویستیان بە رەگەزی خۆراکی و وزە و ئاوە".

لە مانگی رەمەزاندا دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بە چڕی رووماڵی بابەتە تەندروستییەکان و پەیوەندییان بە رۆژووەوانانەوە دەکات لە زاری پسپۆڕانی کوردستانەوە.