نۆ کرێکار لە کانە زێڕەکەى تورکیا بێسەروشوێنن

ناوچەى ئەو کانە زێڕەى تێیدا داڕمانى زەوى روویدا. فۆتۆ: iHA

پاش بڵاوبوونەوەى هەواڵی هەرەسی کانێکى خەڵووز لە تورکیا، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی فریاگوزاریی گەیشتنە شوێنەکە، تیمەکان دەستبەجێ دەستیان بە کارەکانی گەڕان کرد بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک کرێکار لەناوەوەن.

حەمزە ئایدۆغدو پارێزگاری ئەرزینجان، گەیشتە شوێنی رووداوەکە و لە نزیکەوە زانیاریی لە تیمەکان وەرگرت و ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەک کرێکار بوون بە ژێر هەرەسەکەوە و تیمێکیان بۆ رزگارکردنیان پێکهێناوە.

سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان (ئافاد) راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاوکردەوەو ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمڕۆ کاتژمێر دووى پاش نیوەڕۆ کانێکی زێڕ لە شارۆچکەی ئیلیچ سەر بە ئەرزینجان هەرەسی هێناوە".

هاوکات عەلی یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا زانیاریی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە پارێزگاکانی دەورووبەرەوە 400 کارمەندی ئافاد، جەندرمە و سەرباز رەوانەی ناوچەکە کراون، 40 ئۆتۆمبێلی کار سەرقاڵكی کارکردنن".

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، وەزیری ناوخۆى تورکیا باسی لەوەکردووە، بارستاییەکی گەورە بەسەر کانەکەوەیە، بەهۆی ئەوەی کە بەرگەی قورسایی بارستاییەکەی نەگرتووە کانەکە هەرەسی هێناوە.

عەلی یەرلیکایا گوتیشى، "لەکۆی 667 کرێکار نۆ کرێکار دیار نیین و هەواڵیان نازانرێت، رەنگە لەژێر کانەکەدابن".

هەرەسی کانەکە یڵماز تونج وەزیری دادیشی هێنایە سەر خەت و ئاماژەی بەوەکرد، "داواکاری گشتیی کۆماریی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، چوار داواکاری گشتی لە کەیسەکەدا ئەرکدارکراون".