جەمال کۆچەر: چاوەڕواندەکرێت لە مانگى ئازاردا هەموارى یاساى بودجە بگاتە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق

جەمال کۆچەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق. فۆتۆ: کەناڵ8

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، هۆکارەکانى نەناردنى پرۆژەى هەموارى بودجە بۆ پەرلەمان ئاشکرادەکات و رایدەگەیەنێت" ئامادەکردنى هەموارى یاساى بودجە سێ قۆناغەو تائێستا یەک قۆناغى بڕیوەو لەقۆناغى دووەمدایە".

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ى راگەیاند، ئیشى گەورەى پرۆژەى بودجە لەناو حکومەت دەکرێت، ئەویش بە سێ قۆناغە، قۆناغى یەکەم دەبێت هەموو پارێزگا و وەزارەتەکان و هەرێمى کوردستان بودجەى خۆیان بنێرن بۆ وەزارەتى پلاندانان و وەزارەتى دارایی، هەنگاوى دووەم ئەوەیە ئەو دوو وەزارەتە پێویستە ئەو بودجەى پێشنیارکراوە بیکەنە رەشنووسێکى کۆکراوە، ئێستا خەریکى ئەوەن و ئەوەى کە بەغداد داواى ناوى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و مووچەکانیانى کرد بۆ ئەم بابەتەبوو.

گوتیشى "ئێستا لەقۆناغى دووەمین و ئەویش ئامادەکردنى رەشنووسى گشتى بودجەیە بۆ ئەوەى رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بکرێت، چاوەڕواندەکرێت تا ناوەڕاستى مانگى ئازار بودجە قۆناغى دووەمیش ببڕێت، دواى گەیشتنى بە ئەنجوومەنى وەزیران هەفتەیەکى پێدەچێت ودواتر رەوانەى پەرلەمان دەکرێت".

جەمال کۆچەر ئەوەش دەخاتەروو، ساڵانە پێویستە لەسەرەتاى ساڵ حکومەت بزانێت چەند فەرمانبەر خانەنشین بووە و چەند فەرمانبەر وازیان لەکارەکانیان هێناوە، پاشان هەڵسەنگاندن بۆ نرخى نەوت و داهات بکرێت و بەگوێرەى ئەوە گۆڕانکارى بکرێت، لەکۆتایشدا هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەکان بکرێت و ئەوانەى کۆتاییان پێهاتووە خەرجى دروستکردنیان رابگیرێت و پارە بۆ پرۆژە نوێیەکان خەرج بکرێت.

هەرێمى کوردستان لەبودجەى گشتى عێراق چەند داواکارییەکى هەیە کە دیارترینیان، داواى دەرکردنى مووچەى فەرمانبەران لە خەرجى فیعلى و زیادکردنى کرێى کۆمپانیا نەوتیەکانى هەرێم دەکات.