ئەنگوستیلە زیرەکەکەی سامسۆنگ چاودێری خەوتنت دەکات

لە کۆنفرانسی جیهانی مۆبایل، لە شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا، یەکێک لە بەرهەمە نمایشکراوەکان گالاکسی رینگی کۆمپانیای سامسۆنگ بوو.

گالاکسی رینگ ئەنگوستیلەیەکی زیرەکە، بە رەنگەکانی پلاتنیۆم، زیو، زێڕ و سیرامیک بەردەستە، بەکارهێنەر دەیکاتە پەنجەی و لەگەڵ مۆبایلەکەی لە رێگای بلوتوز پێکەوەیان دەبەستێت و زانیارییە گرنگەکان لەسەر تەندرووستی کەسەکە دەگوازێتەوە بۆ مۆبایلەکەی.

ئەنگوستیلەکە بە پشتبەستن بە لێدانی دڵ، جوڵە و هەناسەدان بەدواداچوون بۆ کوالێتی خەوی کەسەکە دەکات و ئامۆژگاری و تێبینییەکان بە کەسەکە دەڵێت، هەروەها تایبەتمەندی مای ڤیتاڵیتی سکۆر پێشکەش دەکات کە هەڵسەنگاند بۆ وریایی کەسەکە دەکات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پێوەرەکانی دیکە و هەڵسەنگاندنی کوالێتی خەوی کەسەکە و لێدانی دڵی.

پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا سامسۆنگ کاتی خستنە بازاڕی ئەنگوستیلەکە بۆ کڕیاران ئاشکرابکات.