پڕۆگرامێکی ئەدۆبی دەتوانێت موزیکت بۆ دروستبکات بەتەنها پێدانی تێکستێک

کۆمپانیای ئەدۆبی بە سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد داهێنانێکی نوێی خۆی راگەیاند و بە شۆڕشێکی گەورە لەبواری دروستکردنی موزیکدا ناویدەبات.

پڕۆجێکت میوزیک جێن ئەی ئای کۆنترۆڵ، ناوی ئامڕازە نوێیەکەی ئەدۆبییە، پڕۆگرامێکە کە بەتەنها پێدانی تێکستێک دەتوانێت ئەو موزیکەت بۆ بەرهەم بهێنێت کە خۆت دەتەوێت و لە هەمان پڕۆگرامیشدا توانای چاککردنی موزیکەکەت هەیە، دەتوانی شێواز و تێمپۆ و نەخشی موزیکەکەش بگۆڕیت.

بەنمونە دەتوانیت داوا لە پڕۆگرامەکە بکەیت موزیکێکی جازی دڵخۆشکەرانەت بۆ دروستبکات و ئەویش موزیکێکت دەداتێ کە هەرگیز نەبیستراوە و ئەو چرکەیە دروستکراوە.

ئەدۆبی دەڵێت ئەم ئامڕازەمان بە هاوکاری زانکۆی کالیفۆڕنیا پەرە پێداوە، سەرچاوەشیان بۆ درووستکردنی میوزیکەکان ئینتەرنێت و وێبگەڕە گشتییەکانە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکە ئاماژەی نەکردووە کە چۆن مافی ئاوازدانەران و بەرهەمهێنەرانی موزیک دەپارێزێت و ئەو گۆرانیانە بەکارناهێنێت کە مافی لەبەرگرتنەوەی هەیە.