د. سۆران زەنگەنە
پزیشکی پسپۆڕی هەناو (نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان و دڵ و سنگ )
هەر وەکو چۆن بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و شەکرە نەخۆشیی درێژخایەنن، بە هەمان شێوە قەڵەوی نەخۆشییەکی درێژخایەنە و پێویستی بە چارەسەرکردنی درێژخایەن هەیە.
نەخۆشیی قەڵەوی دەبێتەهۆی چەندین نەخۆشی دیکە، وەکو نەخۆشییەکانی شەکرە، بەرزەفشاری خوێن، بەرزبوونەوەی چەوریی خوێن، جەڵتەی دڵ، سەوەفان، نەزۆکی، چەندین جۆری شێرپەنجە و چەندین نەخۆشیی دیکەش.
هۆکارەکانی نەخۆشیی قەڵەوی زۆرن، هەروەها هۆکارەکان تێکهەڵچوو و ئاڵۆزن، بەشێک بە هۆکارەکانی قەڵەوی ئەمانەی خوارەوەن:
- هۆکارە بۆماوەییەکان
- هۆکاری فیسیۆلۆجییەکان، وەکو نارێکی لە رێژە و کارکردنی ئەو هۆرمۆنانەی بەرپرسن لە تێربوون و برسێتی
-هۆکاری رەفتاری، بۆ نموونە خواردنی ناتەندروست و جووڵەنەکردن، کەمخەوتن و چەندین ڕەفتاری ناتەندروستی دیکە
-هۆکاری ژینگەیی و کۆمەڵگە، بۆ نموونە کلتووری زۆرخواردن و گوێ نەدان بە خۆراکی تەندروست و وەرزش. لێرەدا ئەگەر هات و کەسەکە بیەوێت تەندروست بژێت پێی دەڵێن: "بخۆ بخۆ دنیا مردنە"، چەندین نموونەی دیکەش کە کەسەکان سارددەکەنەوە لە شێوازی ژیانی تەندروست.
هۆکارێکی دیکە بریتییە لە هەندێک جۆری دەرمان و هەندێک جۆری نەخۆشی کە دەبنە هۆکاری قەڵەوی، بۆ نموونە هەندێک لە دەرمانەکانی بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشیی خەمۆکی.
چۆن چارەسەر دەکرێت؟
رێگەی یەکەم:
رێکخستنی خۆراک و وەرزشکردن. ئەگەر ئەمە سوودی نەبوو، دەچینەسەر رێگەی دووەم.
رێگەی دووەم:
رێکخستنی خۆراک و وەرزش کردن، هەروەها بەکارهێنانی دەرمانی نەخۆشی قەڵەوی لە ژێر چاودێریی و رێنمایی پزیشکی پسپۆڕی هەناو یان پسپۆڕی وردی شەکرە و رژێنەکان یان پزیشکی پسپۆڕی خۆراک.
رێگەی سێیەم:
رێکخستنی خۆراک و وەرزشکردن، لەگەڵ نەشتەرگەریەکانی قەڵەوی لەو کەسانەدا کە رێگەی یەکەم و دووەم بەتەنیا گرفتەکەیان کۆنترۆڵ نەکردووە.