د. حەبیب مەحموود: دوای نەشتەرگەریی قەڵەویش دەبێت هەر لە وەرزش و رێجیم بەردەوامبن!

د. حەبیب مەحموود لە ستودیۆی کەناڵ8

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری دەڵێت تەنانەت دوای بڕینی گەدەش، ئەگەر کەسەکە وەرزش و رێجیم نەکات، قەڵەوبوون روودەداتەوە، بۆیە دوای نەشتەرگەرییەکانی قەڵەویش هەر دەبێت بەردەوامبن لەسەر رێجیم و وەرزشکردن.

د. حەبیب مەحموود، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و پسپۆڕی ورد لە نەشتەرگەریی هەرس و جگەر، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "هەم باڵۆنی گەدە و هەم بڕینی گەدە و رێگاکانی دیکەی چارەسەری قەڵەوی، هۆکاری یارمەتیدەرن بۆ چارەسەری قەڵەوی، نەک هۆکاری بنەبڕکەر بن، واتە یارمەتیی کەسەکە دەدەن لە ماوەیەکی کورتدا بڕێکی بەرچاوی کێش داببەزێنێت، بەڵام بۆ قەڵەونەبوونەوەی دووبارە، دەبێت کەسەکە دوای ئەم چارەسەرانەش، لەژێر رێنمایی پزیشکەکەیدا لە رێجیم و وەرزش بەردەوامبێت".

لەبارەی دیاریکردنی شێوازی گونجاوی چارەسەری قەڵەوی لەنێوان باڵۆنی گەدە و نەشتەرگەری، پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت "ئەوانەی پێویستییان بە دابەزاندنی کەمتر لە 20 کیلۆگرامی کێشی جەستەیە، دەتوانن باڵۆنی گەدە وەربگرن، بەڵام ئەوانەی پێویستییان بە دابەزاندنی بڕی زۆری کێشە، نەشتەرگەریی بڕینی گەدەیان بۆ دەکرێت".

ئێستا ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی وەکو رێگایەکی خێرا بۆ دابەزاندنی کێشێکی زۆر، بیر لە نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە دەکەنەوە، کە تێیدا 75%ی گەدە لێدەکرێتەوە و تەنیا 25%ی دەمێنێتەوە، بەوەش کەسەکە بە بڕێکی ئێجگار کەمی خواردن تێردەبێت و بەخێرایی کێشی روو لە دابەزین دەکات.

د. حەبیب دەڵێت لەڕووی زانستییەوە هەموو قەڵەوێک پێویستی بەو نەشتەرگەرییە نییە "ئەوانەی پێوانەی کێش و باڵای جەستەیان 35-40 و نەخۆشییەکی درێژخایەنی پەیوەست بە قەڵەوییان هەیە وەکو شەکرە و بەرزەفشاری خوێن، هەروەها ئەوانەی پێوانەکەیان سەرووی 40 بێت، تەنانەت ئەگەر هیچ نەخۆشییەکیشیان نەبێت، گونجاوە نەشتەرگەرییەکە بکەن".

پێوانەی کێش و باڵای جەستە (BMI) بەوە هەژماردەکرێ کە کێشی جەستە دابەشی درێژیی باڵا دەکرێت بە مەتر دووجا، ئەو ژمارەیەی بۆت دەردەچێ دیاریدەکات کە کێشی تۆ تاوەکو چەندە ئاساییە.

بۆنموونە ئەگەر باڵای کەسێک 180 سەنتیمەتر بێت و کێشی 78 کیلۆ بێت، ئەوە 1.8 مەتر جارانی خۆی دەکەیتەوە کە دەکاتە 3.24، پاشان کێشی جەستە دابەشی ئەم ژمارەیە دەکەیت کە دەکاتە 24. 

بەپێی پێناسەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێوانەی کێش و باڵای جەستەی 18 تاوەکو 24.9 ئاساییە، 25 بەرەو سەر کێشی زۆرە و 30 قەڵەوی پلە یەکە، 35 قەڵەویی پلە دووە و 40 قەڵەویی پلە سێیە.