ئایا جگەرەکێشان دەبێتەهۆی قەڵەوی؟

وازهێنان لە جگەرەکێشان چەندین سوودی تەندروستی هەیە وەکو کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشیی سییەکان و شێرپەنجەش. تەنانەت دەکرێت تەمەنی مرۆڤ دە ساڵ درێژتربکات.

زۆرکەس دەترسن لەوەی واز لە جگەرەکێشان بهێنن چونکە پێیانوایە ئەگەر وازبهێنن، ئەوا قەڵەودەبن. ئەمە لەڕووی زانستییەوە، تاوەکو رادەیەک راستە چونکە یەکێک لە کاریگەرییەکانی نیکۆتین لە جەستەدا ئەوەیە کە وا لە کەسەکە دەکات هەست بە تێری بکات چونکە هۆرمۆنی تێربوون تێیاندا بەرزدەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات کەسانی جگەرەکێش کەمتر برسییانببێت.

هەربۆیە ئەو کەسانەی واز لە جگەرەکێشان دەهێنن، چەند مانگێک دوای وازهێنانەکە، دەکرێت 2-5 کیلۆگرام کێشیان زیادبکات. بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری ئالودەبووندا بڵاوکراوەتەوە، بەردەوامبوون لە جگەرەکێشانیش کێشی جەستە زیاددەکات.

توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە کە بەردەوامبوون لە جگەرەکێشان، بەتایبەتی دەبێتەهۆی زیادبوونی چەوریی ورگ.
واتە راستە وازهێنان لە جگەرەکێشان بۆ ماوەیەکی کاتی دەکرێت ببێتەهۆی زیادبوونی کێشی کەسەکە بە چەند کیلۆیەک، بەڵام بەردەوامبوون لە جگەرەکێشان، بەشێوازێکی درێژخایەن چەوریی سک زیاددەکات و تەندروستی کەسەکە دەخاتە مەترسییەوە.

جگەرەکێشان دەکرێت بە سێ رێگە ببێتەهۆکار بۆ زیادبوونی چەوریی سک:

  • لە کەسانی جگەرەکێشدا، سەرەتا نیکۆتین وادەکات کەسەکە ئارەزووی خواردنی نەمێنێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، جەستەی کەسەکە رادێت بە نیکۆتینەکە و وردەوردە ئارەزووی خواردنی زیاتر دەبێت و زیاتر حەز بەو خواردنانە دەکات کە بڕێکی زۆر لە کالۆرییان تێدایە، ئەمەش کەسەکە قەڵەو دەکات
  • جگەرەکێشان پرۆسەی زیندەچالاکی تێکدەدات، واتە ئەو پرۆسەیەی کە جەستە لە رێگەیەوە کالۆری دەسوتێنێت بۆ بەدەستهێنانی وزە تێکدەچێت، ئەمەش وادەکات کەسەکە کێشی زیادبکات
  • جگەرەکێشان دەبێتەهۆی دروستبوونی هەوکردنی درێژخایەن لە جەستەدا، ئەمەش چەندین گرفتی تەندروستی بۆ کەسەکە دروستدەکات وەکو کۆبوونەوەی چەوری لە دەوروبەری سکدا.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پسپۆڕان دەڵێن جگەرەکێشان پەیوەندی بە چەند گرفتێکی تەندروستی وەکو بەرزەچەوریی خوێن، نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو، بەرزەفشاری خوێن و دروستبوونی بەرگری بۆ هۆرمۆنی ئنسۆلین هەیە.

هەرچەندە ئەم پەیوەندییە تاوەکو ئێستا بەتەواوی روون نییە، بەڵام دەکرێت هۆکاری قەڵەوبوونی کەسانی جگەرەکێش ئەو نەخۆشییانە بن کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە دروستدەبن.

هەروەها نیکۆتین پەیوەندیی راستەوخۆی بە رێژەی چەوریی خوێنەوە هەیە، بە جۆرێک لە کەسانی جگەرەکێشدا، چەوریی خراپ LDL زیاددەکات و چەوریی باش HDL کەمدەکات، ئەمەش راستەوخۆ دەبێتەهۆکار بۆ زیادبوونی چەوریی سک.   

جگە لە جگەرەکێشان چەند هۆکارێکی دیکەش هەن بۆ زیادبوونی چەوریی سک وەکو خواردنەوەی کحول، وەرزشنەکردن، خواردنی ناتەندروست و شێوازی ناچالاکی ژیان.