بەریتانیا دەیەوێت نەوەی نوێی وڵاتەکە بەیەکجاری دووربخاتەوە لە جگەرەکێشان

کێشانی جگەرە هۆکارە بۆ تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە

لە هەوڵێکی نوێدا شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانیا دەیەوێت بە یەکجاری جگەرەکێشان لە وڵاتەکەیدا قەدەغەبکات.

حکومەتی بەڕیتانیا، پلانێکی ئامادەکردووە کە تێیدا داوادەکات فرۆشتنی جگەرە بەو کەسانەی لەدوای ساڵی 2009ەوە لەدایکبوون، قەدەغە بکرێت، ئەمەش هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ئێستا لە خوار تەمەنی پانزە ساڵییەوەن.

هەوڵەکەی بەڕیتانیا بۆ ئەوەیە کە لەدوای جێبەجێکردنی یاساکە، کە پێشنیازکراوە لە ساڵی 2027دا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەموو ساڵێک تەمەنی یاسایی بۆ کڕینی جگەرە بە یەک ساڵ بەرزبکاتەوە، بەمەش لە ماوەی چەند ساڵێکدا کڕینی جگەرە لە هەموو دانیشتووانەکەی قەدەغەدەکرێت.

هەر لە چوارچێوەی یاسا پێشنیازکراوەکەدا، حکومەتی وڵاتەکە دەیەوێت فرۆشتنی جگەرە ئەلیکترۆنییە هەرزانەکان قەدەغە بکات و تامەکانیان سنوورداربکات، ئەمەش لەپێناو دوورخستنەوەی هەرزەکاران و گەنجان لە بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانە؛ چونکە هەرزەکاران زیاتر دەتوانن بەرهەمە هەرزانەکان بکڕن و زیاتریش حەزیان بە جگەرە تامدار و رەنگاورەنگەکان هەیە.

ئێستا لە بەڕیتانیا، فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی خوار 18 ساڵ بە یاسا قەدەغەیە و ئەگەر ئەم یاسا نوێیە جێبەجێبکرێت، بەڕیتانیا دەبێت بە خاوەنی یەکێک لە توندترین یاساکان بۆ قەدەغەکردنی جگەرەکێشان لە سەرانسەری جیهاندا.