تورکیا: گەورەترین بەربەست لەبەردەم پەیوەندییەکانى ئەنقەرە و واشنتن هاوکارییەکانى ئەمریکایە بۆ یەپەگە

کۆنفرانسى رۆژنامەوانى ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا. فۆتۆ: AA

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بۆ بەرپرسانى باڵاى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە، بەھیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە وڵاتێکی ھاوپەیمان، ھاریکاری ئەو رێکخراوە "تیرۆریستیانە" بکات کە ئاسایشی وڵاتەکەمان دەکەنەئامانج.

ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانى لەناو باڵەخانەى وەزارەتى دەرەوە رایگەیاند، "ئەنقەرە بە واشنتنی راگەیاندووە بەھەموو شێوەیەک ھەر ھاریکارییەک لەلایەن وڵاتێکی ھاوپەیمان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بکرێت، رەتدەکاتەوە".

ھەفتەی رابردوو لە واشنتن، کۆبوونەوەی ستراتیجی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەبەشداری ھاکان فیدان و ئەنتۆنی بلینکن وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا، بەئامانجی زیادکردنی ھاریکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی نێوان ھەردوو وڵات، ئەنجامدرا.

لەوبارەیەوە ئۆنجو کەچەلی گوتی، "بەروونی چاوەڕوانییەکانمان لەبارەى گرووپە بەرهەڵستکارەکان دژبە تورکیا گەیاندووەتە ئەمریکا".

لایەنی تورکى لەمیانەی گفتوگۆکاندا جەختیلەوەکردەوە، گەورەترین بەربەست لەبەردەم پتەوترکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، ئەو پاڵپشتیانەیە کە ئەمریکا پێشکەشی "یەپەگە"ی دەکات.