حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی ئەو پارانە ئاشکرا دەکات بەغداد ساڵی پار ناردوونی

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق

حكومەتی هەرێمی كوردستان، وردەكاریی پارەی فیعلی ڕەوانەكراوی لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2023 بڵاو كردووەتەوە و بەگوێرەی ئەو زانیارییە فەرمییانە، 9 ترلیۆن و 378 ملیار دینار لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.
لە داتا فەرمییەكەدا هاتووە کۆی گشتیی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە پێشبینیدەکرا وەک پارەی مانگانە لە ماوەی ساڵی 2023 بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، 16 ترلیۆن و 497 ملیار دینار بووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "لەڕووی پارەداركردنی هەرێمی کوردستان وەک شایستەی خۆی لە بودجە و ئەو قەرزانەی لە 2023 بە هەرێمی کوردستان دراوه لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە چەند تێبینییەکی خستووەتەڕوو دەڵێت:

ئەو بڕە پارانەی حکومەتی فیدراڵ بەگوێرەی پشکی خۆی لە بودجەی گشتیی فیدراڵی داویەتی بە حکومەتی هەرێم، 998 ملیار دینار بووە.

ئەو بڕەپارانەی وەک قەرز لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی 2023 کە بە پێنج بەش نێردراوە، 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار بووە.
لەبارەی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان، لە داهاتەكانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان لە 2023، داهاتە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم کە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیی عێراق، داهاتی سافی بەدەست هاتوون تاوەکو ئەوکاتەی هەناردەکردن وەستاوە لە 25 ی 3 ی 2023، واتە دوای پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەم ژمارە و داتایانە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی وردبینی دیلۆیتەوە وردبینییان لەسەر کراوە، بەپێی ڕاپۆرتی پەسەندکراوی دیلۆیت، ترلیۆنێك و 693 ملیار دینار بووە.
هەروەها داهاتی دەروازە سنوورییەکان:ڕێژەی 50٪ ی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، كە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی 21/ دووەم، یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13 ساڵی 2023، هەروەها ماددەی 29ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019، بڕی 728 ملیار دینار بووە.
بەوەش کۆی ئەو بڕەپارانەی کە لە ماوەی ساڵی 2023 بۆ حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی (خەرجکردنی بەشێک لە شایستەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی، قەرزەکان، پشکی حکومەتی هەرێم لە داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان و داهاتی سافیی نەوتی حکومەتی هەرێم تا بەرواری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە 25 ی 3 ی 2023، دوای دانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە) بریتی بووە لە 7 ترلیۆن و 119 ملیار دینار.
تێكڕای بڕی ماوه لە پشكی هەرێم بۆ 2023 كە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە و تا ئێستا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، 9 ترلیۆن و 378 ملیار دینارە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەم تێبنییانەشمان هەیە:
1 سەبارەت بە شایستەکان لە پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکردنی خەرجییە حاکمییەکانی، ئەو خەرجییانە بە پارەی نەختینەیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵکوو بە شێوەی کەلوپەل هەژمار دەكرێن، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە تەواوەکانی وەرنەگرتووە لە بەشەخۆراک و بابەتی دەرمان (داتا و زانیاریەکان لە وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەستن).


2  تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکی شایستە لە خەرجییە سەروەرییەکان بە تەرخانکراوی مووچەی پێشمەرگەشەوە نەدراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.


3 وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 25 ی 6ی 2023 تا 30 ی 11 ی 2023، بڕی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لەلایەن وەزارەتی فیدراڵییەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە ڕادەستکراوانە بدرێت و نەدانی شایستەی کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.


4  داهات و خەرجییەکانی نەوتی و نانەوتی بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023 لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وردبینییان بۆ کرا و هەماهەنگییەکان لە ئێستادا بەردەوامن، لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و حکومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی وردبینی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2023 و ڕاپۆرتێک پێشکەش کرا.

ئەنجامی کۆتایی وردبینی بۆ تەواوی ساڵی 2023 بۆ حکومەتی فیدراڵی ڕاپۆرت دەکرێت.


5 سەرجەم تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی ساڵی 2023 بۆ سەرجەم یەکەکانی ناو وەزارەت وە فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە حکومەتی هەرێم ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کراوە.
6 وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25 ی ئازاری 2023ەوە زیانی زۆری بە گەنجینەی فیدراڵی گەیاندووە و هەروەها زیانی گەورەی بە کۆمپانیا نەوتییەکانیش گەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؛ زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.