ميديای ئيسرائيل: وەفدێک لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئاگربەست دەچێتە دەوحە

خۆپیشاندانی بەشێك لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ و داواكردنی دەستلەكاركێشانەوەی نەتەنیاهو. فۆتۆ: AP

حکومەتی جەنگیی ئیسرائیل تاوتوێی ئەو راسپاردانە دەکات کە بەنیازە شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی لەگەڵ لایەنی حەماس تاوتوێیان بکات.

رۆژنامەی یەدعوت ئەحرانۆت-ی ئيسرائيلی بڵاویکردەوە، پێدەچێت ئەم هەفتەیە شاندێکی ئیسرائیل بەرەو دەوحەی پایتەختی قەتەر بچێت بۆ بەشداریکردن لە خولێکی نوێی دانوستانەکان سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکان.

رۆژنامە ئیسرائیلیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە ئەمشەو یاخود سبەینێ یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرگری کۆببێتەوە و تاوتوێی بابەتی دانوستانەکان بکات.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەدرێتە سەرۆکی مۆساد (دەزگای هەواڵگری)، کە سەرۆکایەتیی ئەو تیمە دەکات لەم هەفتەیەدا دەچێتە قەتەر، پاشان لە ئەنجوومەنی وەزيرانی سياسی دەخرێتە گفتوگۆوە.

هەر لەسەر ئەو پرسە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی رۆژی هەینی بە سی ئێن ئێنی راگەیاند: ئێوارەی رۆژی شەممە ئەنجوومەنی جەنگیی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن و داڕشتنی رێنماییەکان بۆ شاندەکە.

دەشڵێت: "هۆکاری چوونی شاندەکە بۆ دەوحە ئەوەیە وەڵامێکيان لە حەماسەوە پێگەیشتووە، کە وەکخۆی دەڵێت: "توند و گاڵتەجاڕانەيە، هەربۆيە پێشبینیشدەکرێت دانوستانەکان زۆر قورس بن".

هاوکات، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "حەماس بەردەوامە لە داواکارییە نارەواکانی، بەڵام شاندێکی ئیسرائیلی رەوانەی دەوحە دەکرێت بۆ دانوستانی زیاتر".

بەرپرسێکی ديکەی ئیسرائیلی کە قسەی بۆ تۆڕی هەواڵی ئەمریکی کردووە، رایگەیاند، وڵاتەکەی تاوەکو رۆژی شەممە بڕیارێک دەدات سەبارەت بەو ئەرکەی کە بە تیمی دانوستانکار دراوە و دەسەڵات دەدات بە لايەنە نێوەندگيرەکان بۆ بەهێزکردنی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ حەماس.