دادگاى باڵاى فيدراڵی لە ساڵیادى کیمیابارانى هەڵەبجە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

ژنێك وێنەی كەسوكارەكەی كە لە كیمیابارانی هەڵەبجە شەهیدبوون بەدەستیەوەیە و لە مەزاری قوربانیانی هەڵەبجە دانیشتووە. فۆتۆ: حەمەسوور - كەناڵ8

دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە ساڵیادى کیمیابارانى هەڵەبجە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و جەختی لە پێویستى وەبیرهێنانەوەى بەها مرۆیی و نیشتمانییە بەرزەکانى کورد کردەوە.

دادگاى باڵاى فیدراڵى لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ساڵیادى بەکارهێنانى چەکى کیمیایی دژى رۆڵەکانیان لە گەلى کورد لە پارێزگاى هەڵەبجە لە لایەن دەسەڵاتى سەرکوتکاریى لەناوچووى بەعس، کە بووە هۆى شەهیدبوونى ژمارەیەکى زۆر لە ژن و پیاو و گەنج و پیرو منداڵ، پێویستە بەها بەرزە مرۆیی و نیشتمانییەکان و ئازایەتى گەلى کورد بە درێژایی تێکۆشانیان دژى دەسەڵاتى بەعسى پێشوو وەبیربهێننەوە.

دادگاى فیدراڵى راشیگەیاندووە، لە هەڵوێستى لەمجۆرەدا پێویستە یادى تاوانەکانى سەرکوتکارى تائیفى بکەنەوە و شەهیدانى عێراق بە کورد، عەرەب، سوننە، شیعە و تورکمان لەیاد نەکەن.