یەکێتى: پابەندین بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا

لۆگۆى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت "پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10 ی 6 ی 2024 کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمى کوردستانەوە بڕیاری لەسەر دراوە".

لە روونکردنەوەیەکدا گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت " چالاککردنەوەی پەرلەمان گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاسایی و سەرەکییەکانی".

روونکردنەوەکەی یەکێتی لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە 18ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".

پارتی دەڵێت: "لە روانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى لە پاراستنى مافەکانى گەلى کوردستان و سیستمى دیموکراسى لە عێراق، بە بەرژەوەندى گەل و نیشتمانى دەزانن بەشداریى هەڵبژاردنێک نەکەن کە بە نایاسایى و نادەستوریى و لە سایەى سیستمى سەپێندراودا بەڕێوەبچێت".

دەقی روونکردنەوەکەی گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10 ی 6 ی 2024 وەکو لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە .

یەکێتی رای وایە هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان باشترین رێگایە بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری دیموکراسی و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆ و ناوچەکە بە گشتی.

چالاککردنەوەی پەرلەمان گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاسایی و سەرەکییەکانی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە فرە رەهەندەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

سەعدی ئەحمەد پیرە

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان