کۆشکی سپی کوژرانی کەسی دووەمی باڵى سەربازى حەماسی پشتڕاستکردەوە

کۆشکی سپی ئەمریکا کوژرانی "مەروان عیسا"ی کەسی دووەمی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە پشتڕاستکردەوە، کە هەفتەی رابردوو ئیسرائیل کوژرانی راگەیاند.

رۆژی دووشەممە، جەیک سۆلیڤان، راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند: مەروان عیسا، کەسی دووەمی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس هەفتەی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیلدا کوژراوە".

گوتیشی "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان جۆ بایدن و بنیامین نەتانیاهوودا، گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کردووە".

پێشتر سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکردبوو، کە بەگوێرەى زانیارییەکانیان، مەروان عیسا، لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانیاندا لە ناوچەی نسێرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کوژراوە.

میدیاکانی ئیسرائیل سەبارەت بە کوژرانی کەسی دووەمی حەماس ئاشکرایانکرد، ئیسرائیل بە 20 تۆن تەقەمەنی ئەو شوێنەی بۆردوومانکردووە، کە گومان دەکرا مەروان عیسای تێدا بێت.