سێنتکۆم: حەوت مووشەکى دژە کەشتى و سێ درۆنى حوسییەکانمان تێکشکاند

لۆگۆى فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سێنتکۆم"، تێکشکاندنی حەوت موشەک و سێ درۆنی حوسییەکانیان لە یەمەن راگەیاند.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا حەوت مووشەکی دژە کەشتی و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپی حوسییەکان لە یەمەن تێکشکاندووە.

وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی "ئەنساڕوڵا"ی سەر بە حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانیان کرد، بۆ ئەوەی کە سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ سەریان ناکەن لە یەمەن.

حوسیەکان دەڵێن، وەک پاڵپشتی بۆ غەززە و دژایەتیکردنی ئەمریکا بۆ پستیوانیکردنی ئیسرائیل ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ بەئامانجکردنی پێگەی حوسییەکان لە ناوچە جیاکانی یەمەن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکانیان لە دەریای سوور.