ئایا وردیلەپلاستیکەکانی ناو جەستەمان زیانبەخشن؟

لە توێژینەوەیەکی نوێدا تیشک خراوەتەسەر ئەو وردیلەپلاستیکانەی لە جەستەی مرۆڤدا کۆدەبنەوە.

ئەم وردیلەپلاستیکانە دەکرێت لە رێگەی ئاو، هەوا و خواردنەوە بچنە ناو جەستەی مرۆڤەوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا کەڵەکەببن.

ئێستا بە گشتی لە جیهاندا سەرنجێکی زۆر لەسەر وردیلەپلاستیکەکان و کاریگەرییەکانیانە لەسەر تەندروستی، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی کەم لە توێژینەوەی تایبەت بە کاریگەرییەکانی وردیلەپلاستیکەکان لەسەر تەندروستیی دڵ بەردەستن.

لە توێژینەوەیەکی نوێدا گوماندەکات کە کۆبوونەوەی وردیلەپلاستیکەکان لە جەستەدا، دەکرێت ببێتەهۆکاری جەڵتەی مێشک، جەڵتەی دڵ و تەنانەت مردنیش. بەڵام دواتر توێژەران بۆیاندەرکەوت کە ئەو بەڵگانەی لە توێژینەوەکەدا خرابوونەڕوو، بەتەواوی پەیوەندی نێوان وردیلەپلاستیکەکان و تەندروستیی دڵ دەرناخەن.

کەواتە لە توێژینەوەکەدا چی دەرکەوت؟

لە توێژینەوەکەدا، 257 کەس بەشداربوون کە بەهۆی گیرانی بۆرییەکانی خوێن لە ملیاندا پێویستیان بە نەشتەرگەری بوو. دوای نەشتەرگەرییەکان، توێژەرانی ئیتاڵیا هەستان بە لێکۆڵینەوەی ئەو چەورییە کەڵەکەبووانەی کە بۆرییەکانی خوێنیان گرتبوو لە بەشداربوواندا.

دوای لیکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەکانیان، لە چەورییە کەڵەکەبووەکانی 150 بەشداربوویاندا، وردیلەپلاستیکی زۆر ورد دۆزرانەوە کە هێندە بچوکبوون بە چاو نەدەبینران. هاوکات لە 107 بەشداربوویاندا، بە هیچ جۆرێک وردیلەپلاستیکیان بەدینەکرد.

دواتر بۆ ماوەی سێ ساڵ، چاودێریی تەندروستیی بەشداربووان کرا، لەو ماوەیەدا 30 بەشداربوو یان %20 ی ئەو بەشداربووانەی وردیلەپلاستیکیان تێدا دۆزرابووەوە، تووشی جەڵتەی دڵ و مێشک بوون یان بەهۆکاری دیکە گیانیانلەدەستدا. بەڵام لەو کەسانەی کە وردیلەپلاستیکیان تێدا نەدۆزرابووەوە، رێژەی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک و مردن تەنیا %8 بوو.

یەکێکی دیکە لەو شتانەی توێژەران تێبینیان کرد، هەبوونی هەوکردنبوو لە جەستەی ئەو کەسانەی وردیلەپلاستیک لە خوێنیاندا هەبوو.

هەوکردنیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک دادەنرێت.

گرفتەکانی ئەم توێژینەوەیە چی بوون؟

توێژەران دانیان بەوەدانا کە توێژینەوەکەیان زۆر بچوکبووە، چونکە تەنیا چاودێریی تەندروستیی ئەو کەسانە کرا کە خۆیان گرفتی گیران و تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێنیان هەبوو، واتە لە بنەڕەتدا خۆیان مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە هەبووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کەسانەی لە خوێنیاندا وردیلەپلاستیک دۆزرابووەوە، نەخۆشیی زیاتریان لەگەڵبوو وەکو نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و بەرزەچەوریی خوێن، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاویان لە رەگەزی نێر بوون و جگەرەکێشیش بوون. ئەمانە هەمووی وایانکردبوو خۆیان مەترسیی تووشبوونیان بەم حاڵەتانە زۆر بەرزتربێت بەراورد بەو کەسانەی کە وردیلەپلاستیک لە خوێنیاندا نەبوو.

هەرچەندە توێژەرەکان هەوڵی هاوسەنگکردنەوەی ئەم جیاوازیانەیاندا، بەڵام بۆیان دەرکەوت کە لەوانەیە چەند خاڵێکی گرنگیان بیرچووبێت و ئەنجامی توێژینەوەکەیان گۆڕابێت.

هەربۆیە تیمی توێژینەوەکە گووتیان لەبەر ئەم هۆکارانە، توێژینەوەکەی ئێمە بە تەواوی نایسەلمێنێت کە هۆکاری دروستبوونی ئەم گرفتە تەندروستییانە، وردیلەپلاستیکەکانی ناو جەستەن.