ئایا رۆژووی پچڕپچڕ زیانبەخشە؟

رۆژووی پچڕپچڕ ئەو رێگەیەی زۆرینەی خەڵک پشتی پێدەبەستن بۆ دابەزاندنی کێش، دەکرێت زیانی تەندروستی هەبێت.

رۆژووی پچڕپچڕ ئەو جۆرەی رۆژووە کە تێیدا دەبێت تەنیا لە ماوەیەکی دیاریکراوی رۆژەکەدا خواردن بخورێت. باوترین جۆری ئەم رۆژووە ئەوەیە کە کەسەکە تەنیا بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر خواردن بخوات و 16 کاتژمێرەکەی دیکە دەتوانێت ئاو یان چەند جۆرێکی دیکەی خواردنەوە بخواتەوە.

توێژینەوەکانی پێشوو سوودەکانی رۆژووی پچڕپچڕیان خستووەتەڕوو، بە جۆرێک ئەم جۆرە رێجیمە بە رێگەیەکی کاریگەر دادەنرێت بۆ دابەزاندنی کێش و بەرزەفشاری خوێنیش.

هاوکات لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی 2022 بڵاوکرایەوە، تێیدا 139 بەشداربووی چینی بەشدارییان تێیدا کردبوو، بەشداربووەکان کێشیان زیاد و قەڵەو بوو، بەڵام هیچ سوودێکیان لە رۆژووگرتنی پچڕپچڕ نەبینی بۆ دابەزاندنی کێشیان و تەندروستیی دڵیشیان باشتر نەبوو بەراورد بە پێشتر.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی پزیشکانی دڵ لە ئەمریکا پیشکەشکرا، باس لەوەدەکات کە ئەو کەسانەی ماوەی خواردنیان سنوورداردەکەن بۆ هەشت کاتژمێر یان کەمتر، مەترسیی تووشبوونیان بە گرفت و نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە بەراورد بەو کەسانەی لە ماوەی 12 بۆ 16 کاتژمێردا نان دەخۆن. بەڵام، گرنگە بزانرێت کە ئەم توێژینەوەیە، توێژینەوەیەکی سەرەتاییە و پێویستی بە پێداچوونەوەی زیاتر هەیە.

توێژینەوەکە لەسەر 20 هەزار کەس ئەنجامدرا، تێیدا بەشداربووان وەڵامی چەند پرسیارێکیان دایەوە سەبارەت بە شێوازی خواردن و کاتی نان خواردنیان، دواتر دەرکەوت ئەو کەسانەی کاتی نانخواردنیان سنووردارکردووە بۆ هەشت کاتژمێر، زیاتر گیانیانلەدەستدەدا بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە.

توێژینەوەکە پەیوەندییەکی لە نێوان رۆژووی پچڕپچڕ و نەخۆشییەکانی دڵ تێبینیکرد، بەڵام نەیتوانی هۆکاری مردن و تووشبوونی بەشداربووانی توێژینەوەکە بە نەخۆشییەکانی دڵ بگەڕێنێتەوە بۆ رۆژووگرتنە پچڕپچڕ.

هەربۆیە توێژەران دەڵێن جارێک زووە بۆ پشتبەستن بەم توێژینەوەیە و پێویستە پێداچوونەوەی زیاتری بۆ بکرێت و توێژینەوەی دیکەش بە شێوازێکی وردتر ئەنجامبدرێن بۆ خستنەڕووی راستییەکان.