پسپۆڕێکی هەناوی: گرنگە دوای رەمەزانیش بەردەوامبن لەسەر رۆژووگرتن

رۆژووی زانستی چەند جۆرێکی هەیە


د. ئەمیر ئەڵاکەرەم هەورامی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت کە رۆژووی پچڕپچڕی زانستی، چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و بەپێی ئەو کاتژمێرانەی کەسەکە هیچی تێدا ناخوات پۆلێندەکرێن. دیاریکردنی جۆرەکەش، هەندێجار لەلایەن پزیشکەوە دەکرێت و هەندێجاریش کەسەکە دەتوانێت خۆی هەڵیببژێرێت، بە پێی چەند رێکارێک، وەکو دۆخی تەندروستیی کەسەکە و تەمەنی کەسەکە.

جۆرەکانی رۆژووی زانستی، وەکو د. ئەمیر دەڵێت، ئەمانەن: رۆژانە (کە لە چەند کاتژمێرێکی دیاریکراودا کەسەکە هیچ ناخوات)، رۆژ نا رۆژ، چەند رۆژێکی دیاریکراو لە هەفتەدا (بۆ نموونە کەسەکە لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ بەرۆژوو دەبێت و لەو دوو رۆژەدا کەمتر لە 500  کالۆری وەردەگرێت)

سوودەکانی جۆرە جیاوازەکانی رۆژووی زانستی بەشێوەیەکی گشتی نزیکن لەیەکەوە و بە چەند رێگەیەک یارمەتیی باشترکردنی تەندروستیی کەسەکە دەدەن، کاتێک کەسێک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هیچ ناخوات و هیچ سەرچاوەیەکی وزە ناچێتە جەستەیەوە، شەکری جەستەی دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتەهۆی دابەزینی ئنسولینی جەستە و چەوریی جەستەی کەسەکە کەمدەبێتەوە، بەمەرجێک کەسەکە توانیبێتی هاوسەنگییەک دروستبکات لە نێوان وزەی وەرگیراو و وزەی سووتێنراوی جەستەی لەو ماوەیەدا، واتا کەسێک کە پەیڕەویی رۆژووی زانستی دەکات، لەو کاتەدا کە خواردن دەخوات، نابێت ئەوەندە بخوات کە هاوسەنگیی وزەی جەستەی تێکبدات، لەو کاتەدا کەسەکە سوود لەو کاتە وەرناگرێت کە تێیدا هیچی نەخواردووە.

لە گرنگترین سوودەکانی رۆژووگرتنی زانستییش، درێژکردنەوەی تەمەنە. د. ئەمیر دەڵێت: باس لە قەدەری خودایی ناکەین، بەڵام ئەگەر کەسێک پەیڕەوی رۆژووگرتنی زانستی بکات و ماوەی خواردنی رۆژانەی کەمبکاتەوە، تەمەنێکی زیاتر دەژی، چونکە بە گوێرەی توێژینەوە نوێکان، کەمکردنەوەی ئەو ماوەیەی لە رۆژێکدا خواردنی تێدادەخۆیت، دەبێتەهۆی لەناوبردنی خانە پەککەوتەکان و خانەی نوێ لەجێیان دروستدەبن، ئەمەش تەندروستیی گشتیی کەسەکە باشتر دەکات.

سەبارەت بە خواردنەوەکانیش، د. ئەمیر دەڵێت: ئەو کەسانەی پەیڕەویی رۆژووی زانستی دەکەن، دەتوانن ئاو و ئەو خواردنەوانە بخۆنەوە کە وزەیان کەم تێدایە. ئەو کەسانەش کە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە و کۆنترۆڵ نەکراون، گونجاونییە بەتوندی ئەم سیستمە خۆراکییە پەیڕەوبکەن.