پسپۆڕێکی ڤێتەرنەری: دوای سەربڕین گۆشت بخەنە بەفرگرەوە بەڵام نەیبەستێت!

د. عوسمان جەمال، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە پزیشکیی ڤێتەرنەری

کەناڵ8- سلێمانی

پسپۆڕێکی ڤێتەرنەری دەڵێت دوای سەربڕینی ئاژەڵ واباشترە گۆشتەکەی چەند کاتژمێرێک بخرێتە بەفرگرەوە، بەڵام نەخرێتە بەستێنەر و نەیبەستێت.

د. عوسمان جەمال، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە پزیشکیی ڤێتەرنەری، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "دوای سەربڕینی ئاژەڵ و لەتکردنی گۆشتەکەی، دەبێت چەند کاتژمێرێک بخرێتە بەفرگر یان ساردکەرەوەوە، ئەمە رێگریدەکات لە گەشەکردنی بەکتریا لەسەری، هەروەها راددەی ترشیی گۆشتەکە رێکدەخات و ئەنزیمە زیانبەخشەکان لەکاردەخات و گۆڕانی کیمیایی ئەرێنی لە گۆشتەکەدا دروستدەکات".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، پسپۆڕەکەی ڤێتەرنەری هۆشداریدەدات لە هەڵگرتنی گۆشت لە بەستێنەر (مجمدە)دا "ئەگەر گۆشت بیبەستێت، بەشێک لە خانەکانی تووشی تێکشکان دەبن و بەهای خۆراکییەکەی بەڕێژەی 30٪ دادەبەزێت، واتە مەترسیدار نییە بۆ تەندروستی، بەڵام سوودی کەمترە و بەها خۆراکییەکانی کەمن".

لەبارەی ماوەی رێگەپێدراوی گۆشتهەڵگرتنیش دەڵێت "لە بەفرگردا هەفتەیەک و لە بەستێنەردا سێ مانگ رێگەپێدراوە گۆشت هەڵبگیرێت".

د. عوسمان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە گۆشتفرۆشە دانپێدانراوەکانی ناو بازاڕ گۆشتبکڕن، نەک لەسەر شەقامەکان و جێگە نافەرمییەکان "شوێنە دانپێدانراوەکان، گۆشتەکانیان لەلایەن پزیشکی ڤێتەرنەرییەوە پشکنراوە و مۆرکراوە، گۆشتفرۆشەکە ناوبەناو پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت، ساردکەرەوەیان هەیە و گۆشتەکانیان لە پلەی گەرمیی گونجاودا هەڵدەگرن، پێچەوانەی ئەمانە هەیە لەسەر شەقامەکان و جێگە دانپێدانەنراوەکان و ئەوەش مەترسیداردەبێت بۆ تەندروستی".

داواشدەکات گۆشت و سەوزە بە تێکەڵی هەڵنەگیرێن و هەمان چەقۆش بەکارنەهێنرێت بۆ لەتکردنی گۆشت و میوە.