د. نیگا شەفیق: خواردنی شەوانەی منداڵ هۆرمۆنی گەشە کەمدەکاتەوە

د. نیگا شەفیق لە ستۆدیۆی کەناڵ8

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراکی منداڵان رێنمایی خۆراکیی تایبەت بە منداڵان لە رێگەی کەناڵ8ـەوە بۆ دایکوباوکان رووندەکاتەوە.

د. نیگا شەفیق، پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی منداڵان و پسپۆڕیی ورد لە خۆراکی منداڵان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "لە کاتی برسییەتی و بەتایبەتی لە خەوی قووڵی نیوەشەودا هۆرمۆنی گەشە زیاددەکات، کاتێک منداڵ نزیکی خەوتن خواردن دەخوات، شەکر و ئینسۆلین بەرزدەبنەوە و هۆرمۆنی گەشە کەمدەکات، ئەوەش کاریگەریی نەخوازراو لەسەر گەشەی منداڵ دروستدەکات".

پزیشکە پسپۆرەکە دەڵێت دەبێت منداڵان رابهێنرێن لە کاتی ژەمەکاندا خواردن بخۆن و هیچ ژەمێک نەخەنە نیوەشەو و نزیکی خەوتن "بەشێک لە منداڵان بۆ خۆدزینەوە لە نووستن یان بەهۆی نەخواردن لە کاتی ژەمی ئێوارەدا، لە نیوەشەو و لە کاتی نزیکی خەودا داوای خواردن دەکەن، دایکوباوکانیش بە بۆچوونی خۆیان لە خەمی خواردنی منداڵەکەیانن و نایانەوێت وەکو ئێوارە لە خواردن بێبەش بێت،  داواکەیان رەتناکەنەوە، نازانن ئەمە خراپ لەسەر گەشەی منداڵەکەیان دەکەوێتەوە".

لەبارەی سوودبەخشترین خۆراکەکان بۆ منداڵانیش، د. نیگا دەڵێت "خۆراک تاوەکو نزیکبێت لە سروشتەوە باشترە، چونکە خۆراکە سروشتییەکان دەوڵەمەندن بە کانزا، ڤیتامین، دژەئۆکسێن و ریشاڵەکان، بەپێچەوانەی شیرینی و چپس و هاوشێوەکانیانیان کە  کالۆرییەکی زۆر و بەهایەکی خۆراکیی کەمیان هەیە و تەنانەت بەشێکیان لەڕووی خۆراکییەوە هێندە بێبەهان بە کالۆریی بەتاڵ ناودەبرێن".

پسپۆڕەکەی خۆراکی منداڵان دەڵێت منداڵانی خوار تەمەن شەش مانگ تەنیا پێویستییان بە شیری دایکیانە و هیچ خواردن و خواردنەوەیەکی دیکەیان ناوێت، تەنانەت ئاویش؛ "بەگشتی منداڵان لە سەراپای ساڵی یەکەمدا باشترە لە خوێ، شەکر و هەنگوین دوور بن".

پزیشکە پسپۆڕەکە بە هەڵەی دەزانێت چەوری نەدرێتە منداڵی سەروو شەش مانگ "چەوریش وەکو کاربۆهێدرات و پرۆتینەکان پێویستە بۆ گەشەیەکی پێویستی منداڵ و ئەوە سوودبەخش نییە خواردنی بێ چەوری بدرێتە منداڵ".