بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: مەترسیدارترین تۆڕى بازرگانیى ماددەى هۆشبەرمان دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرایکرد، یەکێك لە مەترسیدارترین تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانیان دەستگیرکردووە کە مەترسیبوون بۆ سەر شاری هەولێر، دهۆك و زاخۆ.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ى ئازارى 2024، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە ڕێکەوتی 28ى شوباتى2024 تێمێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراق و بە بەشداری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوك، لە زنجیرەیەك چالاکی یەك بە دوای یەکدا کە زیاتر لە 12 رۆژی خایاند، توانرا تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربکەن کە پێکهاتبوون لە 14 تۆمەتبار.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەم زنجیرە چالاکییەدا بڕی 23 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەناو شاری کەرکوك دەستی بەسەرداگیرا.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: ئەو تۆڕەی دەستگیرکراون بە یەکێك لە مەترسیدارترین تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ سەر شاری هەولێر و دهۆك و زاخۆ دادەنرا کە هەفتانە بڕێکی زۆری ئەو ماددە هۆشبەرانەیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرد و گەنج و لاوی کوردیان بەهۆیەوە لەخشتە دەبرد.