کۆمیسیۆن: ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە دەستی و ئەلیکترۆنی دەبێت

وێنەیەكی ئەرشیفی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق. فۆتۆ: كەناڵ8

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایدەکات، رێکارەکانی دەنگدان و ژماردنەوەی دەنگەکانى بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەشێوەی ئەلیکترۆنی و دەستی پەسەندکردووە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند "لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە، رێوشوێنەکانی تۆمارکردنی راگەیاندنکاران لە وێستگەکانی دەنگدان پەسەندکراوە".

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان باسیلەوەشکرد، دادوەر عەباس فەتلاوی، سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنەکان، سەردانی نوسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردسان دەکات، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

سەبارەت بەوادەی تۆمارکردنی لیست و بەربژێرەکان، جومانە غەلای، گوتی "دەرگای تۆمارکردنی لیست و بەربژێرەکان تاوەکو 22ی ئاداری 2024 کراوە دەبێت لەلایەن نوسینگەی پارێزگاکانەوە پێشوازییان لێدەکرێت".

لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024، وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارییکراوە.