مامۆستایانى ناڕازى: بە روون و راشکاوى هەژمارى من رەتدەکەینەوە

کۆنفرانسى رۆژنامەوانى مامۆستایانى ناڕازى لە سلێمانى. فۆتۆ: کەناڵ8

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی "هەژمارى من" رەتدەکەنەوە و رایدەگەیەنن، ئەگەر یەکێتی هەژمارى من رەتنەکاتەوە ئەوا رۆژی دووشەممەی داهاتوو خۆپیشاندان لەبەردەم پارکی مەلیک محمود دەستپێدەکەن و بەرەو دەباشان بەڕێدەکەون.

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی، ئەمرۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێکیان خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، زۆر بە روون و راشکاویی "هەژماری من" رەتدەکەنەوە کە بە سەپێنراو ناوى دەبەن.

ئاماژە بەوەشکرابوو، "ئەم سیستمە وەکو ئابووری سەربەخۆ تەنیا خزمەت بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەکات و دەبێتە مایەی تەمەندرێژیی و خۆسەپاندنی زیاتری تاڵانکاران، پەیام ئاڕاستەی یەکێتی و گۆڕان دەکەن، خۆڵەمێشییانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەکەن! ناکرێت لەلایەک بڵێن لەگەڵ داوای مووچەخۆراندان و لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەی پارتی دەیەوێت، لەبەر بەرژەوەندیی تەسکیی حیزبی و کەسیی خۆیان جێبەجێی بکەن و بیسەپێنن بەسەر مووچەخۆراندا".

لە بەشێکى دیکەى رلاگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، داوا لە پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەکەن بەڕاشکاوی و بە بەیاننامەی فەرمی، هەژماری من رەتبکەنەوە و لە رێی مووچەخۆرانی خۆیانەوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە هەولێر و دهۆک سازبکەن".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکە روونکراوەتەوە، "ئەگەر یەکێتی کە حوکمڕانی ئەم سنوورەیە تاوەکو رۆژی دووشەممە بڕیاری راگرتنی کارەکانی "هەژماری من" لەم سنوورە نەدات و لە ئەگەری زیاتر دواکەوتنی مووچە، بڕیاری مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق نەدات، ئەوا رۆژی دووشەممە خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شار و شارۆچکەکان لەبەردەم پارکی مەلیک مەحمود لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود دەستپێئەکات و لەوێوە بەرەو دەباشان بەرێئەکەوین".

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازی، داواش لەسەرجەم فەرمانبەران و چین و توێژە مافخوراوەکان دەکەن، لەو خۆپیشاندانەدا بەشداربن، ئاماژەبەوەشکراوە، "لەگەڵ خۆپیشاندانەکەی دەباشان، پەیام و داواکانیان بە بەغداد و کونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان دەگەیەنن، هەروەها لە زووترین کاتدا خۆپیشاندان دەبەنە هەولێر".