مەندەلاوى لە بە ئامانجگرتنى دادگاى فیدراڵى هۆشداریى دەدات

موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق. پەڕەى مەندەلاوى لە فەیسبووک

سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە وەکالەت دەڵێت، هەوڵەکانى بە ئامانجگرتنى دادگاى باڵاى فیدراڵی  مەترسیدارن و ئاسایشى وڵات رووبەرووى هەڕەشە دەکەنەوە.

موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا، پشتیوانیى دەسەڵاتى یاسادانانى بۆ دادگاى باڵاى فیدراڵى دەربڕى بە جۆرێک رۆڵى بەهێز بکات لە پاراستنى یەکپارچەیی عێراق و داڕشتنەوەى دەستوور و بەدیهێنانى سەروەرى یاسا.

مەندەلاوى هۆشداریداوە لە هەوڵەکانى بە ئامانجگرتنى دادگاى باڵاى فیدراڵى و داماڵینى لە شەرعییەت، سەربەخۆییەکەى و گومانکردن لە بێگەردیى بڕیارەکانى.

مەندەلاوى ئاماژەى بەوەشکردووە، هەنگاوى لەو جۆرە مەترسیدارە و ئاسایش و سەقامگیریى وڵات رووبەڕووى هەڕەشە دەکاتەوە.

داواشیکرد، پشتیوانیى بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى بکرێت لە چارەسەرکردنى دۆسییە نیشتمانییەکان، پاراستنى دەستوور و سامانى گشتى.