مانگی سووری فەڵەستین: رۆژانە 37 دایک لە فەڵەستین دەکوژرێن

مانگی سووری فەڵەستینی ئاشکرایکرد، رۆژانە 37 دایکی فەڵەستینی لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەکوژرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئازاری 2024، مانگی سووری فەڵەستینی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی دایکەوە، ئامارێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتە و ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژانە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە 37 دایک دەکوژرێن.

بڵاوکردنەوەی ئامارەکە لەکاتێکدایە لەماوەی 167 رۆژی شەڕەکەدا، نۆ هەزار و 220 ژن لە کەرتی غەززە کوژراون.

مانگی سووری فەڵەستینی ئاشکراشیکردووە، لەکۆی 67 ئافرەت لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا، نزیکەی 28 یان دایکن، لە کاتێکدا کۆی دەستبەسەرکراوانی فەڵەستینییەکان نۆ هەزار و 100کەسن.

مانگی سووری فەڵەستین دەشڵێت، لە غەززە تەنیا دایکان ناکوژرێن، بەڵکو منداڵ و هاوسەرەکانیشیان لەناو ئاگر و ئاسنی جەنگدان.

حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی و زەمینی کردەسەر ئۆردوگا ئیسرائیلییەکان و بەهۆیەوە هەزار و 200 کەس کوژران، دواتر ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد و  تاوەکو ئێستا نزیکەی 32 هەزار کەس لە غەززە کوژراون.